"رۆژانە نزیکەی 1000 کولێرە دروست دەکەین"
کولێرەخانەیەک بۆ کرێکار و هەژاران؛ چوار کولێرە وەرگرە و دوعایەکی بەخێر بکە
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
لەم رۆژگارە پڕ لە قەیران و نەهامەتییەدا، خەڵکی هەژار و فەقیر ژیانێکیان بە کەسانی دەست و دڵ باشەوە ماوە، ئەواتە خێرخوازێک لە سلێمانی کولێرەخانەیەکی داناوە تایبەت بە کرێکار و رێبواران و هەر کەس بەو گوزەردا تێپەڕێ، دوعایەکی بەخێری بۆ دەکات.
حاجی سالار جگە لەو کولێرەخانەیە، چەندین مزگەوت و بنکەی تەندروستی لەسەر ئەرکی خۆی دروستکردووە، ئەو کولێرەخانەیەشی لەناو مزگەوتێک لە تانجەرۆ داناوە، رێباز حەسەن سەرپەرشتیاری کولێرەخانەکە بە 964ـی وت، چوار مانگە ئیشەکەیان دەستپێکردووە و هەموو رۆژێک ستافێک لە کاتژمێر 6:30 تا 11ـی نیوەڕۆ کولێرە بەخۆڕایی و بە بێ جیاوازی دابەش دەکەن بەسەر هەر کەسێک رێی بکەوێتەوە ئەو ناوە.
“هەموو رۆژێک دوو فەردە ئارد دەکەین بە کولێرە کە نزیکەی هەزار کولێرەی لێ دروست دەبێ و ناکەوێتە نیوەڕۆ، هەمووی تەواو دەبێت”، رێباز حەسەن وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، کولێرەخانەکە تایبەتە بە کرێکار و هەژاران و رێبواران و هەر کەس چوار کولێرە وەردەگرێت، رۆژانە سێ کەس ئیش لە کولێرەخانەکە ئیش دەکەن و خەرجی ئەوانیش حاج سالار دەیدات.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری