لە 100 هەزار تا دوو ملیۆنی پێدەدرێت

لەمەودوا پێشمەرگەی کەمئەندامەکانی سەنگەر پێویستیان بە هاوکاری نابێت

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

تایبەت بە کۆمەکی پێشمەرگەی کەمئەندامی سەنگەر، ئەمڕۆ چوارشەممە (سندوقی نەشتەرگەری) و (بیمەی تەندروستی پێشمەرگە کەمئەندامەکان) دامەزرا.

فواد عەزیز سکرتێری کۆمەڵەی پێشمەرگە کەمئەندامەکانی سەنگەر بە 964ی وت، “لە ساڵی 2012-ەوە داواکاری پێشمەرگەکانی کەمئەندامانی سەنگەر رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە و وەڵام نەدراوینەتەوە، هەر بۆیە پڕۆژەی سندوقی هاوکاریمان راگەیاندووە”.

“پڕۆژەکە وەک سلفەیەک وایە و هەر کەمئەندامێک بەشداری بکات مانگانە بڕی 25 هەزار دینار دەدات بە سندوقەکە، لە کاتی پێویستی بۆ چارەسەری تەندروستی پارەی پێدەدرێت” فواد عەزیز ئەمەی وت.

بەوتەی سکرتێری کۆمەڵەی پێشمەرگە کەمئەندامەکانی سەنگەر، هەر کەمئەندامێک لە 100 هەزار دینار تا دوو ملیۆن دیناری بۆ چارەسەر پێویست بوو تەواوی پارەکەی دەدرێتەوە، گەر لە دوو ملیۆن دینار زیاتر بو دوای دوو ملیۆنەکە بۆ هەر ملیۆنێک لە 25% پارەکەی دەدرێتێ.

زانیاری کۆمەڵەکە دەریدەخات تا ئێستا هەزار و 100 پێشمەرگە بەشداریان لە پڕۆژەکەدا کردووە ئەمەش لەکۆی چوار هەزار پێشمەرگەی کەمئەندام.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی