"کەسوکاری دیار نییە"
تەرمێک لەناو رووباری دجلە دۆزرایەوە
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 10.8.2026 هاوڵاتیەک لەنزیک رووباری دجلە لە قەزای شەرگات سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین تەرمێکی بەسەر ئاوەکەوە بینیوە و دوای هەوڵدانێکی زۆر نەیتوانیوە تەرمەکە دەربهێنێت و پاشان بۆ ئاگادارکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان پەیوەندی بە ژمارەی فریاکەوتنی 911ـەوە کردووە.
قاسم عەلی ئەندامی پۆلیسی چاودێری رووبارەکان لە قەزای شەرگات بە964ـی وت، “دوای ئاگادارکردنەوەمان تیمەکانمان دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و پاش نزیکەی کاتژمێرێک لە گەڕان، توانیان تەرمەکە لە ئاوەکە بهێننە دەرەوە و رەوانەی پزیشکی دادی بکەن بۆ مەبەستی پشکنین”.
مەحەمەد جاسم پزیشکی ئێشکگر لە نەخۆشخانەی فێرکاری تکریت بە 964ـی وت، “پشکنینی سەرەتایی بۆ تەرمەکە کراوە و دەرکەوتووە کە سێ بۆ چوار رۆژ بەسەر خنکانی ئەوە کەسە لەناو رووبارەکەدا تێپەڕیوە”.
وتیشی، بەگوێرەی پشکنینەکان، ئەو هاوڵاتییە لەکاتی مەلەکردن لەناو ئاودا خنکاوە و هیچ شوێنەوارێکی لێدان، ئەشکەنجە یان توندوتیژی لەسەر جەستەی نییە.
تا ئێستا هیچ کەسێک لەسەر ئەو بابەتە سەردانی نەخۆشخانەی نەکردووە و محەمەد جاسم داوا دەکات، هەر خێزانێک کەسێکیان لێ بزربووە، با سەردانی نەخۆشخانەی فێرکاری تکریت بکات.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری