مەندیان خواردووە
تەنانەت پەرلەمانتارانیش ناتوانن بیانبینن؛ بەرپرسە دەستگیرکراوەکانی عێراق لە زیندانێکی تونددان
وریا فەتاح
دوای ئەوەی لەماوەى رابردوو حکومەتی عێراق هەڵمەتێکی گەورەی دەستگیرکردنی بە ناوی “بەرەبەیان” دەستپێکرد، ژمارەیەک پەرلەمانتار و بەرپرسی دیار دەستگیرکران، کە دیارترینیان ئەحمەد جبوری (ناسراو بە ئەبو مازن) و عالیە نوسەیف بوون. ئێستا دەرکەوتووە کە ئەم بەرپرسانە لە زیندانێکی زۆر تونددان و تەنانەت پەرلەمانی عێراقیش ناتوانێت بیانبینێت.
بەپێی زانیارییەکانی 964 عەرەبى، سەرجەم ئەم دەستگیرکراوانە لە بەشێکی تایبەتی زیندانی (کازمییە)ن لە بەغدا، کە تایبەتە بەو کەسانەی لەلایەن دەستەی دەستپاکی (نەزاهە)وە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت. سەرچاوەکان دەڵێن شوێنەکەیان هێندە توندە، وەک ئەوە وایە لەپشت “دیوارێکی پۆڵایین”ەوە بن و لە قۆناغێکی هەستیاری لێکۆڵینەوەدان.
پێشتر دەنگۆی ئەوە هەبوو کە ئەم بەرپرسانە گواستراونەتەوە بۆ زیندانی فڕۆکەخانەی بەغدا (کە پێشتر سەدام حوسێن و سەرکردەکانی داعشی لێ زیندانی کرابوو)، بەڵام زانیارییەکان ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە و دەڵێن تا لێکۆڵینەوەکان تەواو نەبن، ناگوازرێنەوە بۆ ئەوێ. هەروەها دادگا داواکاریی ئازادکردنی بە کەفالەتی بۆ سەرجەم دەستگیرکراوەکان رەتکردووەتەوە، تەنانەت بۆ پەرلەمانتارێکی ژنیش کە دەوترێت دووگیانە.
سەبارەت بە دۆخی ئەبو مازن، سەرچاوەکان دەڵێن بارودۆخی لەناو زیندان ئاساییە و رێکاری سەختی لەگەڵ نەکراوە، بگرە بە ڕێکاری توندی ئەمنیرڕێگە بە چەند کەسێکی نزیکی دراوە سەردانی بکەن و خواردنی وەک (مەندی) بۆ ببەنە ژوورەوە.