لە حکومەت بێ ئومێدبوون

لە پیرەمەگروون 30 ماڵ گەڕەکەیان چەوڕێژ کرد

964+

بەرزان عوسمان – دوکان

بەهۆی خراپی رێگای کۆڵانەکانی گەڕەکی شەهیدان لە ناحیەی پیرەمەگرون، دانیشتووانی ئەو گەڕەکە خۆ بەخۆ  لەسەر ئەرکی خۆیان، کوچە و کۆڵانی گەڕەکەکانیان چەوڕێژ کرد.

لە ئەنجامی کارەکە 30 ماڵ سوودیان لە چەورێژکردنی گەڕەکەکە بینیوە، کە تێچووەکەی زیاتر لە 500 هەزار دینار بووە.

ئاوات محەمەد، دانیشتووی گەڕەکی شەهیدان و یەکێک لەو هاوڵاتیانەی بەشداربووە لەو کارە هەرەوەزییە بە 964ی وت، کۆڵانەکانی ناو گەڕەکەکەمان هێندە خراپبوو زیانی بەچەندین ئۆتۆمبێل گەیاندووە، و لە وەرزی زستاندا قوڕ و لیتە هەراسانی کردبووین.

پڕۆژەکانی پیرەمەگرون وەستاون

پڕۆژەکانی پیرەمەگرون وەستاون

بەو تەی ئەو هاوڵاتییە بێت، چەندین جار داوایان لەلایەنی پەیوەندیدار کردووە، کۆڵانەکانمان بۆ چاکبکەن، بەڵام تائێستا بەدەم داواکەمانەوە نەهاتوون، بۆ ئەوەی چیتر هاوڵاتیان زەرەرمەند نەبنم خۆمان هەستاین بەچاکردن و چەوڕێژکردنی گەڕەکەکەمان.

لە سەرەتای ساڵی 2013 وە، کارکردن لە 11 پڕۆژە بە تەواوی وەستاوە، پێشتر بەرزان رەئوف سەرۆکی شارەوانی پیرەمەگرون بە 964 وت، ئەو 11 پڕۆژە پێویستیان بە نۆ ملیار و 705 ملیۆن دینارە، کە بەشێکی رێککاری و تێکەڵە رێژکردنی گەڕەکەکانە، بەهۆی قەیرانی داراییەوە بڕەکە خەرجنەکراوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا