وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بۆ 964:
“بارهەڵگرەکە خێرایی زۆر بووە و برێکی نەماوە”
کاردۆست حسێن – هەولێر
هێمن حەمەدەمین وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر دەڵێت، ئەو بارهەڵگرەی لە جادەی کەسنەزان کارەستانی نایەوە، خێرایی زۆر بووە و برێکی نەماوە.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 26.8.2026 لە دووسایدی کەسنەزان لە هەولێر بارهەڵگرێک خۆی بە چەندین ئۆتۆمبێلدا کێشا و ئاگرێکی گەورەی لێکەوتەوە.
جگە لە زیانی ماددی زۆر، رووداوەکە گیانلەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەک کەسی لێکەوتەوە.
لە شوێنی رووداوەکە هێمن حەمەدەمین وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “بارهەڵگرێک کە گەچی بارکردووە لە کۆیەوە بەرەو ناوشاری هەولێر هاتووە، بەهۆی ئەوەی خێرایی زۆر بووە و برێکی نەماوە، لە ئەنجامدا کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و چووەتە سایدی بەرامبەر”.
“بارهەڵگرەکە خۆی بە زیاتر لە هەشت ئۆتۆمبێلدا کێشاوە و زۆربەی ئۆتۆمبێلەکان گڕیان گرتووە و گیانلەدەستدان و برینداربوون هەیە”، هێمن حەمەدەمین وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ئامارانەی سەبارەت بە قوربانییەکان بڵاودەکرێتەوە ئاماری کۆتایی نییە و دوای لێکۆڵینەوەکان زانیاری دەقیق لەوبارەیەوە بڵاودەکەنەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری