10 هەزار ناونیشان
فول کوردانەیە؛ کتێبی کوردی لە سلێمانی
دیلان محەمەد- سلێمانى
پێشانگای کتێبی کوردی لە شاری سلێمانی دەستی پێکرد و بۆ ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت. سەرپەرشتیاری پێشانگاکەش ئاماژە بەوە دەکات کە داشکاندنی باش بۆ کتێبەکان کراوە.
رەوەز حەمەساڵح، سەرپەرشتیاری پێشانگاکە بە 964ـی راگەیاند: “45 ناوەند و دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە لە باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەشدارییان لە پێشانگاکەدا کردووە، هەروەها زیاتر لە 10 هەزار ناونیشانی جیاوازی کتێب کە هەموویان بە زمانی کوردین، لەخۆدەگرێت.”
سەرپەرشتیاری پێشانگاکە باسی لە ئاسانکارییەکان کرد بۆ خوێنەران و وتی، “داشکاندنی باش بۆ نرخەکان کراوە و ژمارەیەک لە ناوەندەکان دەست و دڵیان کردووەتەوە و کتێبیان داناوە وەک دیارى دەیبەخشن”.
پێشانگاکە لە ڕۆژی 13ی مانگەوە کراوەتەوە و تا 22ی مانگ بەردەوام دەبێت، رۆژانە لە فاملی مۆڵ لە کاتژمێر 11ی بەیانی تا 11ی شەو پێشوازی لە سەردانیکەران و خولیایانی کتێب دەکات.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح