ئەورووپا روولە بەرزییە

هاوکێشەکان لە بازاڕی ئۆتۆمبێلی کارەباییدا پێچەوانە بوونەوە؛ چین و ئەمریکا روولە پاشەکشێن

وریا فەتاح

لە بازاڕی جیهانیی ئۆتۆمبێلدا، وەرچەرخان بەرەو ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەردەوامە، بەڵام هاوسەنگییە جوگرافییەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتوو. بەپێی داتاکانی مانگی تەممووز، فرۆشی جیهانیی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بۆ پێنجەمین مانگ لەسەریەک گەشەی کردووە و بە ڕێژەی 9% بەرزبووەتەوە بۆ 1.85 ملیۆن دانە، بەمەش کۆی فرۆش لە حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە 11.5 ملیۆن ئۆتۆمبێل.

بەپێى داتاکان، بازاڕی ئەورووپا گەورەترین بازدانی تۆمارکردووە، فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لەسەر ئاستی ساڵانە بە رێژەی 33% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 450 هەزار دانە. ئەم بوژانەوەیە کە بەهۆی دووبارە کاراکردنەوەی دیاریکراوی بەرنامەکانی هاندانی کڕین بووە، زیاتر لە وڵاتانی وەک فەرەنسا (81%)، ئەڵمانیا (46%) و بەریتانیا (43%) ڕەنگیداوەتەوە.

ئەوەشخراوەتەڕوو کە چین، وەک گەورەترین بازاڕی جیهان، فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی تێیدا بە رێژەی 5% کەمبووەتەوە و دابەزیوە بۆ 980 هەزار دانە.

هەرچى باکورى ئەمریکایە، تووشی پاشەکشەیەکی قووڵتر بووەتەوە و فرۆشی بە ڕێژەی 27% دابەزیوە بۆ 140 هەزار دانە، کە هۆکاری سەرەکییەکەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوونی باج لە ئەمریکا دەگەڕێتەوە.