سەردانی هەولێری کرد

تەندروستی عێراق: هەوڵی دابینکردنی دەرمان بۆ سلێمانی دەدەین

ژووری هەواڵ

ئەمڕۆ هەینی، وەزیری تەندروستی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە هەولێر رایگەیاند، لە هەوڵدان بۆ دابینکردنی دەرمان بۆ سلێمانی و پارێزگاکانی دیکەی هەرێم.

ساڵح مەهدی، وەزیری تەندروستی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە سەرجەم پارێزگاكان كێشەی كەمی دەرمان هەیە و لە هەوڵدان بۆ دابینكردنی دەرمان بۆ هەرێم.

لە کۆنفرانسەکەدا، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ وەزیری تەندروستی عێراق باسی لە خزمەتگوزاری تەندروستی نێو كەمپی ئاوارەكان و پرۆژە تەندروستییەكان و بیمەی تەندروستی و شێوازی بەڕێوەبردنی نەخۆشخانەكانیان كردووە.

زیاتر وتی، “هەر دەرمانێك بۆ پاریزگاكانی عێراق بهێندریت پشكی هەرێمیشی تێدا دەبێت” و لە کۆبووونەوەکاندا تاوتوێی پرسی كوالێتی دەرمان و كۆنترۆڵكردنی دەرمانی كەرتی تایبەت و دابینكردنی بودجە بۆ كەرتی تەندروستی هەرێم و ناردنی دەرمان و كەرەستەی پزیشكیان لەلایەن عێراقەوە کردووە.

ساڵح مەهدی، وەزیری تەندروستی عێراقیش وتی، لەسەر داوای محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق چاكسازی زۆر كراوە لە كەرتی تەندروستیدا بەتایبەت لە كەرتی تایبەتدا كە نەخۆشخانە و دەرمانخانە و نۆرینگە تایبەتەكان دەگرێتەوە و بەردەوام دەبێت.