پەیجەکە هاککرابوو

پەیجی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی درامای ئیسپانی پۆست کرد

ژووری هەواڵ

پەیجی فەیسبوکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ ماوەی زیاتر لە 10 کاتژمێر هاککرا و لەو ماوەیەدا ژمارەیەک ڤیدیۆی دوو زنجیرە درامانی ئیسپانی تێدا بڵاوکرایەوە.

لەئێستادا بەشی راگەیاندنی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی توانیویەتی پەیجەکە وەربگرێتەوە و هەموو ئەو ڤیدیۆیانەی سڕیوەتەوە کە لە پەیجەکەدا پۆست کرابوون.

ئەمڕۆ هەینی 12.1.2024، سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، لەو ماوەیەدا پەیجەکە لە کۆنترۆڵ دەرچووە و تا ئێستا نەزانراوە لایەنی هاککەر کێیە، بەڵام لەرێگەی تیمە تەکنیکییەکانەوە گەڕێندراوەتەوە.

تاوەکو ئێستا پەیجی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سەحە شینەکەی وەرنەگرتووە و ڤێریفای نییە، ئەو سەرچاوەیە وتی، لە هەوڵی ڤێریفایکردنی پەیجەکەن.

رۆژی 24.9.2023، دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای هەموارکراوی ئەنجومەنی پارێزگاکان، بەمەش ئەنجومەنەکان چوونە بۆشایی یاساییەوە و دەسەڵاتی چاودێریکردنیان نەما، ئێستاش پاش نزیکەی سێ مانگ لە دەوامی خۆیان زیاتر هیچ کارێکیان پێ جێبەجێ ناکرێت.