زۆرینە لەرێگەی ئی پسوڵەوە بووە

زیاتر لە 100 هەزار کەس قەرزی کۆنی کارەبای داوەتەوە

ئەحمەد مستەفا

وەزارەتی کارەبا هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 100 هەزار هاوبەش قەرزی کۆنی کارەبایان داوەتەوە کە 75% یان لە رێگەی سیستەمی “ئی-پسوڵە”وە بووە.

وادەی دیاریکراو بۆ سوودمەندبوون لە داشکاندنی قەرزی کۆن تەنیا 30 رۆژی ماوە.

بە گوێرەی بڕیارەکە بێت، وادەی دانەوەی قەرزی کۆن تا 10ی ئەیلوولە و بەهیچ شێوەیەک درێژ ناکرێتەوە، پێشتر ئەنجومەنی وەزیران راسپاردەی ئاراستەی تیمی پڕۆژەی رووناکی کردووە بۆ بڕیاردان لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو قەرزانەی دوای وادەکە دەمێننەوە.

پڕۆسەی لێخۆشبوون و داشکاندنی قەرزی کۆنی کارەبا لە هەرێمی کوردستان لە 3ی ئابی 2026ـەوە دەستی پێکردووە، بەپێی بڕیاری فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم داشکاندنە تەنیا ئەو قەرزانە دەگرێتەوە کە پێش دەستپێکردنی پڕۆژەی رووناکی لەسەر هاوبەشان کەڵەکە بوون.