ئۆتۆمبێلێک لە یەکێک لە بەنزیخانەکانی رانیە دەرکەوتووە، وێنە:قایمقامیەتی رانیە.
لە بارەى بەنزینى عێراقی
شۆفێرانى رانیە ئاگاداربن
وریا فەتاح
لە رانیە بەنزینى عێراقى لە هیچ یەکێک لە بەنزینحانەکانى سنورەکە بەردەست نیە و قائیمقامى رانیەش دەڵێت: ئەو بەنزینەى سەرەى بۆ گیراوە، هێندەى بەنزینە عێراقییەکە ئۆکتانى بەرزە.
لە دوو بەنزینخانەى سنورى رانیە، بە درێژاى سەدان مەتر ئۆتۆمبێلەکان لە دواى یەکترى لە سەرەگرتندا وەستاون و بە نرخى 750 دینار بۆ هەر لیترێک، ئۆتۆمبێلەکانیان پڕ دەکەن لە بەنزین.
حسێن مەحمود، قایمقامى رانیە بۆ 964 قسەى کردووە و دەڵێت: دەبێت شۆفێران ئاگادار بن، بەنزینى عێراقى لە هیچ کام لە بەنزینخانەکانى سنورەکە بوونى نیە، لە دواى دروستبوونى دۆخە سیاسییەکە بەنزینى عێراقى نەهاتووە.
“ئەو بەنزینەى ئێستا لەو دوو بەنزینحانەیەى سنوررى رانیە سەرەى بۆگیراوە، بەنزینى نۆرماڵى لانازە و دواى پشکنین دەرکەوتووە جۆرێکى باشە و ئۆکتانەکەى بەرزە”. قایمقامى قەزاى رانیە واى بە 964 وت.
لیژنەى چاودێرى سوتەمەنى قایمقامییەتى رانیە، چاودێرى پڕۆسەى دابەشکردنى بەنزین دەکات و بە وتەى حسێن مەحمود، گرنگ نییە بەنزینەکە عێراقییە یان ئێرانى، گرنگ ئۆکتانەکەیە، ئەگەر ئۆکتانەکەى بەرز بێت گونجاوە و خواستى لەسەر دەبێت و لەلایەن لیژنەکەیانەوە رێگە بە دابەشکردنى دەدرێت.