شارەوانی بە خێری خەڵک هەفتەی جارێک خاوێنی دەکاتەوە

رێگای سایە سیتی لە سلێمانی پڕبووە لە زبڵ

964+

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

مانگێك دەبێت خۆڵ و خاشاكێكی زۆر لەسەر رێگای سەرەكی سایە سیتی لە سلێمانی كۆبووەتەوە، شارەوانی راپەڕینیش دەڵێت: “ئامێری پاككەرەوەمان شكابوو، لەبەرئەوە نەهاتووین بۆ پاككردنەوەی گەڕەكەكە”.

بەركەوت حەمید، یەكێك لە دانیشتووانی سیتییەكەیە بۆ 964 وتی: “گرفتی فڕێدانی خۆڵ و خاشاكمان هەیە، شارەوانی سلێمانی كۆمپانیای پاككەرەوەیان بۆ سیتییەكەی ئێمە دابیننەكردوە، لە رێگەی ژینگەپارێزانی شارەوانی راپەڕینەوە هەفتانە یەكجار خۆڵ و خاشاكمان كۆدەكرێتەوە، خەڵكی بە ناچاری زبڵەکان دەبەنە سەر رێگاگە و لە ماڵەكانی خۆیان دووری دەخەنەوە”.

كازم مەجید، سەرپەرشتیاری خزمەتگوزاری لە شارەوانیی راپەڕین بۆ 964 وتی: “پێشوتر رێگاكەمان پاككردووەتەوە، بەڵام دانیشتووانی پڕۆژەكە خۆیان خۆڵ و خاشاكەكە لەسەر رێگاكە دەڕێژن، ماوەیەك نەمانتوانیوە زبڵی پڕۆژەكەیان پاكبكەینەوە، لەبەرئەوەی پاككەرەوە كەپسەكەمان شكابوو، شارەوانی توانای چاككردنەوەی نەبووە، خەڵكی خێرخواز یارمەتی داوین و چاكیان كردووەتەوە” .

“جگە لە هەفتەی جارێك زیاتر ناتوانین بێینە ئەو گەڕەكانە و زبڵەکانیان پاكبكەینەوە، لەبەرئەوەی گازی ئۆتۆمبێل و ئامێرەكانی پاككەرەوەمان پێنادەن، بەهۆی قەیرانی داراییەوە گازی پێویست بۆ ئامێرەكانمان نییە”.

سایە سیتی یەكێك لە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوونی شاری سلێمانی و دەكەوێتە گەڕەكی قولەرەیسی.

پێداچوونەوە: موحسین عومەر