وەک وڵامێک بۆ مەلاکەى رۆژهەڵات
وەزارەتى ئەوقاف بۆ مامۆستایانى ئاینیى؛ ئەم هەینییە ئیدانەى وتارى رقەبەرایەتى بکەن
وریا فەتاح
دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی وتاربێژێک کە تێیدا هێرش و هەڕەشەی توند دەکاتە سەر کوردانی ئێزدی، بۆردی باڵای وتاری هەینی لە هەرێمی کوردستان هاتە دەنگ و گشت مامۆستایانی ئایینی راسپارد کە لە نوێژی ئەم هەینییەدا وەڵامی ئەو جۆرە وتارانە بدەنەوە.
لە دوو رۆژی رابردوودا، گرتەیەکی ڤیدیۆیی کەسێک کە وەک وتاربێژێک لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەردەکەوێت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە. لە ڤیدیۆکەدا، ئەو کەسە بەناوی ئایینەوە زمانێکی پڕ لە رق و کینە بەرامبەر بە ئێزدییەکان بەکاردەهێنێت و هەڕەشەی لەناوبردنیان لێدەکات.
لە بەرامبەردا، بۆردی باڵای وتاری هەینی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف، بە توندی ئیدانەی ئەو ڤیدیۆیە و هەموو وتارێکی زبر و رقەبەری کردووە. بۆردەکە لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە کە ئەو جۆرە کەسانە گوزارشت لە رای گشتیی مامۆستایانی ئایینی ناکەن و قسەکانیان پێچەوانەی پەیامی ئیسلام و دۆخی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی کوردستانە.
بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو جۆرە بیرکردنەوە توندڕەوانەیە، بۆردی باڵای وتاری هەینی بڕیاریدا سەرجەم مامۆستایانی وتاربێژ لە هەرێمی کوردستان رابسپێرێت، کە لە وتاری دووەمی نوێژی ئەم هەینییەدا، بە ئاشکرا ئیدانەی ئەو جۆرە هەڕەشانە بکەن و لەبری ئەوە جەخت لە قووڵکردنەوەی گیانی برایەتیی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان و پاراستنی ئارامیی کوردستان بکەنەوە.