عێراق بەرەو مامەڵەی ئەلیکترۆنی
لە ساڵی نوێوە جزدانەکانتان دەچێتە ناو مۆبایلەکانتان
موحسین عومەر
شارەزایانی بواری ئابووری ئاماژە بەوە دەدەن کە لە مانگی رابردوودا زۆرترین رێژەی بەشداریی بانکی ئەلیکترۆنی هەبووە، ئەمەش کاریگەرییەکەی لە ساڵی داهاتوو دەردەکەوێت و ئیدی مامەڵەکان لە عێراق لە (کاش)ەوە دەگۆڕێت بەرەو (بانکی ئەلیکترۆنی)، کە بانکی FIB وەک یەکەم بانکی ئەلیکترۆنی ئەم کارەی دەستپێکردووە و مامەڵەکانی لە جزدانەوە گواستووەتەوە بۆ مۆبایل.
لەماوەی ئەمساڵدا زیاتر لە ملیۆنێک کارتی بانکی ئەلیکترۆنی لەلایەن هاوڵاتیانەوە دروستکراوە، بەمەبەستی کارپێکردن و مامەڵە پێکردنیان بۆ زۆربەی مامەڵە داراییە رۆژانەکانیان.
حکومەت رایدەگەیەنێت، کاردەکات بۆ هەنگاونان بەرەو مامەڵەی ئەلیکترۆنی بە ئامانجی کەمکردنەوەی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە و کۆنترۆڵکردنی کاری بانکەکان، لەبری ئەوەی بە دراوی کاغەزی پارە بدەن، بەڵام پرۆسەکە بە چەند هۆکارێک بەهێواشی دەڕوات، دیارترینیان دوودڵیی هاوڵاتیان بۆ وەرگرتنی سیستمی کارت، ئەمە جگە لەوەی هەندێک لە ناوەندە بازرگانییەکان مامەڵەیان لەگەڵ خاڵەکانی فرۆشتندا نەکردووە.
لە سەرەتای ئەمساڵدا حکومەت ناوەندە بازرگانییەکان، چێشتخانەکان، قوتابخانە ئەهلیەکان، زانکۆکان، کۆلێژە ئەهلییەکان، وێستگەکانی ئامادەکردنی سووتەمەنی بە هەموو جۆرەکان و شوێنێکەوە و لە سەرتاسەری عێراق، پابەند کرد بە کردنەوەی هەژماری بانکی و دابینکردنی خاڵەکانی فرۆشتن بۆ پارەدانی ئەلیکترۆنی.
بەپێی قسەی بانکی FIB یەکەم “بانکی ئەلیکترۆنی عێراقییە” کە خزمەتگوزاری دارایی ئۆنلاین لە رێگەی ئینتەرنێتەوە پێشکەش دەکات، بەبێ ئەوەی پێویست بکات سەردانی بارەگای بانکەکە بکات، واتا مۆدێلێکی بانکی دیجیتاڵی کە هەموو کارە داراییەکانی لە رێگەی مۆبایلەوە بەڕێوەببات.
لە وڵاتێکدا کە چەندان ساڵە مامەڵەکان بە پارەی کاش بووە، ئاسان نییە لەپڕ بگۆڕدرێت بە مامەڵەی ئەلیکترۆنی، بۆیە هێشتا روون نییە ئەم پرۆژەیە بەتەواوی سەردەگرێت و سەرکەوتوو دەبێت یان نا، بەڵام ئەو پسپۆڕانەی قسەیان بۆ تۆڕی 964 کردووە، ئاماژەیان بەوە داوە، ئەو ئەزموونە گۆڕانکارییەکی باش لە کەرتی بانکی عێراقدا دەکات، هەرچەندە کڕیاران پێویستیان بەوە هەیە ئەو ترسە تێپەڕێنن بەرامبەر مامەڵەی دارایی و دیجیتاڵی.
مەحموود داغر، پسپۆڕی دارایی بۆ تۆڕی 964 وتی: “بانکی ئەلیکترۆنی هەر بانکە، وەک هەر بانکێکی دیکەی کۆن کە مامەڵەی لەگەڵ دەکەین، بەڵام شێوازی رۆتینی بەکارناهێنێت و ئاسانکاری کردووە، واتا پێویست ناکات کەسەکە خۆی لەوێ ئامادە بێت بۆ ئەوەی مامەڵەکانی بۆ بەڕێبکەن، بانکی ئەلیکترۆنی هەموو هەنگاوەکانی لە رێگەی ئینتەرنێتەوە ئەنجام دەدات، پشت بە ئامرازە دیجیتاڵییەکان دەبەستێت, واتا هەر هاوڵاتیەک بە شێوەی ئۆنلاین دەتوانێت هەژماری بانکی خۆی بکاتەوە”.
الان سەیفەدین، بەڕێوەبەری بەشی تەکنیکی بانکی FIB بە 964ی وت: “ئێمە یەکەم بانکی دیجیتاڵین لەسەر ئاستی عێراق، کە بە مۆڵەتی بانکی ناوەندی کارەکانمان دەکەین”.
هەروەها باسی لەوە کرد: ئەو خزمەتگوزارییە داراییانەی ئێمە پێشکەشی دەکەین، تەواو هاوشێوەی ئەو خزمەتگوزارییانەن کە بانکەکانی دیکە پێشکەشی دەکەن، بەڵام لە رێگەی ئەپڵیکەیشنێکەوە لەناو مۆبایلێکدا.
هەر لە رێگەی مۆبایلەکەتەوە، دەتوانیت هەژماری بانکی بکەیتەوە و ئیدی پێویست ناکات بۆ هەموو مامەڵەیەک سەردانی بانک بکەیت، ئەم خزمەتگوزارییە وادەکات داهاتووی مامەڵەکردن بە پارەی کاش بەرەو کەمبوونەوە ببات و وەک وڵاتانی دیکەی جیهانیی مامەڵەکان لەرێگەی ئەلیکترۆنییەوە بەڕێبکرێن.
ئەو بەڕێوەبەرەی بانکی FIB وتیشی: مافی کڕیاران پارێزراون، چونکە بانکی ناوەندی سەرپەرشتی کارەکانی بانکەکە دەکات و چاودێری ئەو ڕێوشوێنانە دەکات کە گیراوەتەبەر، وەک چۆن لەگەڵ بانکەکانی دیکەدا دەیکات.
هەر لەمبارەیەوە عەلی تاریق، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمەڵەی بانکەکان بە تۆڕی 964ی ڕاگەیاند: “کەرتی بانکی تایبەت زۆر کاری لەسەر پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری کردووە سەبارەت بە تەکنەلۆژیا و ئێستا زۆرێک لە خزمەتگوزارییە بانکییەکان بەردەستن کە لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی ئەلیکترۆنییەوە ئەنجام دەدرێن، وەک کردنەوەی ئەکاونت، دەرکردنی کارتی بانکی، گواستنەوەی پارە، داوای قەرز و چەندانی تر”.
نەبیل جەبار ئەلتەمیمی، پسپۆڕی دارایی بۆ تۆڕی 964 وتی: “حکومەتی عێراق لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق هەوڵدەدات کارەکانی فراوانتر بکات بە بەکارهێنانی کارتی ئەلیکترۆنی وەک یەکێک لە هەنگاوەکانی خۆجێییکردنی پارە لە بانکە حکومی و ئەهلییەکانی عێراقدا”.
عێراقییەکان بە لێشاو دەستیانکرد بە مامەڵەی دەکردنی کارتی ئەلیکترۆنی، دوای بڕیارەکانی حکومەت کە مەرجی فراوانکردنی کارکردنی بە کارتی ئەلیکترۆنی تێدابوو، لەوانە سنووردارکردنی پارەدان لە بەنزینخانەکان بە کارتی ئەلیکترۆنی.
پلانەکە وایە، کە ئیتر پارەدان لە مامەڵە حکومیەکان لەرێگەی کارتی بانکی ئەلیکترۆنییەوە بێت و راستەوخۆ بدرێت، نەک بە کاش، ئەمەش بۆ ئاسانترکردنی مامەڵەی هاوڵاتی.
مامەڵە و پارەدانی ئەلیکترۆنی پێویستی بە ژێرخانێکی ئابووری گونجاو هەیە بۆ؛ سێرڤەر،، بەرنامەکانی کۆنترۆڵکردن و پاراستن و دەروازەکانی پارەدان و دەرهێنانی ئۆتۆماتیکی. لەگەڵ ئەوەشدا پارەدانی ئەلیکترۆنی چەندین سوودی هەیە، لەوانە: سەقامگیری دراوی نیشتمانی، هاندانی بازرگانی، دیسیپلینی باج، ئاسانکاری مامەڵەکردن، خێرایی بازرگانی و خزمەتگوزارییەکان و کۆنترۆڵکردنی داهاتی دەوڵەت.