نانێکی برژاو لە نانەواخانەیەک بۆ فرۆشتن دانراوە _ وێنە :964
"هەشت نانەکە دەبێت بە 10"
سلێمانی لەپلانی دایە نرخی نانی بازاڕی و تیری هەرزان بکات
964+
دیلان محەمەد جەزا _ سلێمانی
بڕیارە بۆ ساڵی نوێ نرخی نان و سەموون رێکبخرێتەوە، نانی تیری نرخ و کێشەکەی دیاریکراو دەبێت، هەروەها خەڵک دەتوانن 10 نانی بازاڕیش بە هەزار دینار بکڕن.
ئێستا ئەو شوێنانەی شەش نان دەدەن بە هەزار دینار، کێشی گونکەکانیان 130 بۆ 135 گرامە و ئەو شوێنانەی هەشت نان دەدەن بە هەزار دینار، هەر گونکێکیان 90 بۆ 100 گرامە.
بڵند ئەحمەد بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە وەکالەت بە 964 وت، لە ساڵی نوێدا سەرجەم نانەواخانە و سەمونخانەکان پابەند دەکرێن بە هەرزانکردنی نرخ، نوسراومان لە وەزارەتی بازرگانییەوە پێگەیشتوە، ئارد لە دوو کۆمپانیاوە دابیندەکرێت بۆ نانەواخانە و سەمونخانەکان، بە دوو هەزار دینار کەمتر لە نرخی بازاڕ، بە مەرجێک 10 نان بدەن بە هەزار دینار.
بەوتەی ئەو بێت، ئەوان ئێستا لە تاوتوێکردنی هەرزانکردنی نرخی نان و سەمووندان، بەڵام بڕیار لەسەر کێشەکەی نەدراوە، لەبارەی کارگەکانی نانی تیری وتی، “دەبێت لە ساڵی نوێوە هەر گونکێک کێشەکەی 175 گرام بێت و سەرجەم کارگەکان 25 نان بدەن بە هەشت هەزار دینار”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا