"لە شوێنێکی سەقەت دروستکراوە"
پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی گوندێک ساڵێکە تەواوبووە بەڵام بێسوودە
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
دانیشتووانی گوندی هەنارانی خواروو لە سلێمانی ناڕازین لە پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی گوندەکەیان و دەڵێن، لە نزمی دروستکراوە و ئاویان پێناگات.
ساڵێک زیاترە پڕۆژەکە تەواو بووە بەڵام وەک کاوان تەها دانیشتووی گوندەکە قسەی بۆ مایکی 964 کردووە، تا ئێستا ئیستفادەیان لێ نەکردووە و ئاو ناگاتە زۆربەی ماڵەکان.
ئەو دەڵێت، “پڕۆژەکە لە سەرەتادا بە سەقەتی کراوە و دەبوو لە شوێنێکی بەرز دروستکرایە، چونکە هەندێک لە ماڵەکان شوێنیان گۆڕیوە و چوونەتە سەرووی پڕۆژەکەوە، بۆیە تا ئەوکاتەی مەخزەنی پڕۆژەکە پڕئاو نەبێ، ئاویان پێناگات و قەتیش نەبووە مەخزەنەکە پڕئاو بێ”.
“چەند جارێک سەردانی جێگری پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەری ناحیە و بەڕێوەبەری ئاوم کردووە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، هەر دەمانهێنن و دەمانبەن و بەڕێماندەکەن”، کاوان تەها وادەڵێت.
عەبدولڕەحمان حسێن پیاوێکی دنیادیدەی گوندی هەنارانی خواروو دەڵێت، “تا ئێستا ئاومان لەم پڕۆژەیە بۆ نەهاتووە، بیرێکمان هەیە بەکاریدێنین، ئەویش ئاوەکەی ئەوەندە چەور و خراپە، زۆر کەس بۆی ناخورێتەوە، چارەشمان نییە، چونکە ئاوی تانکەرمان بۆ ناکڕدرێ بە 20 بۆ 25 هەزار دینار”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری