لەمەودوا سزا هەیە
زبڵ و پاشماوە دانیشتووانی قوشتەپەی هەراسان كردوە
+964
ئەحمەد شەمزین
لە قەزای قوشتەپەی پارێزگای هەولێر رۆژانە زبڵ و خاشاک لە قەراغی شەقامەكان له لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه فڕێ دەدرێت، هاوڵاتییه‌كیش له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی شوێنه‌كه پاك ده‌كاته‌وه.
دلێر باجەلان، دانیشتوویه‌كی قەزای قوشتەپەیە، بە 964ی وت، لە سەر ئەرکی خۆی نایلۆنی کڕیوە و ئه‌و شوێنه پاك ده‌كاته‌وه، كه هاوڵاتیان به فه‌رده زبڵ و پاشماوه‌ی لێ فڕێ ده‌ده‌ن.
وتیشی، “بە بەرچاوی منه‌وه چەند کەسێک هاتوون و بە فەردە زبڵیان لە قەراغی شەقامەكە فڕێ داوە، جگە لە ناشرینكردنی سیمای قەزاكە، شوێنه‌كه بووەتە هۆكاری بۆنی ناخۆش بۆ كۆمەڵگاكانی گرتك و رۆست و كاوە.
عەبدولقادر موزەفەر بەڕێوه‌بەری شارەوانیی قوشتەپە بە 964ی راگەیاند، شوێنەكه چۆڵەوانییه و زبڵەکانی لێ فڕێ دەدرێت، لەسەر رێگای سەرەكی كۆمەڵگاكانی گرتك، رۆست و كاوەیە، بەڵام هیچ کامێرایه‌كی چاودێریی لێ نییە.
وتیشی، “لەمەودوا هەر کەسێک ببینین یان بزانین لەو شوێنانە زبڵ و پاشماوەی فڕێداوە، رووبەڕووی یاسای دەکەینەوە و سزای دەدەین، ئۆتۆمبێلەكەشی دەستی بەسەردا دەگیرێت”.
“زۆر سەتلی قەبارە گەورەمان داناوە لە هەموو شوێنەکانی ناو قەزاكە و تیمەكانمان هەموو رۆژێك ئەو شوێنانە خاوێن دەكەنەوە و خۆم سەرپەرشتیان دەكەم”، بەڕێوه‌بەری شارەوانیی قوشتەپە وا ده‌ڵێت.
قوشتەپە 22 كیلۆمەتر لە سەنتەری شاری هەولێر دوورە و 59 گوندی له‌سه‌ره، زیاتر لە 22 هەزار كەسی تێدا دەژی، كەوتووه‌تە نێوان گردەكانی زوورگەزراو و دێدەوان، له 22.5.2023 بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان كرایه قەزا.
پێداچوونه‌وه: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا