پارێزگاى هەولێر:

غاز بە کارتی ئەلیکترۆنی دابەش دەکرێت و کێشەی “بووک و زاواکان” چارەسەر دەکرێت

وریا فەتاح

بۆ رێگریکردن لە قۆرخکاری و کۆتاییهێنان بە قەیرانی غاز، پارێزگای هەولێر سیستمێکی نوێی دابەشکردن پەیڕەو دەکات و کێشەی ئەو خێزانانەش چارەسەر دەکات کە فۆرمی خۆراکیان نییە.

لەمەودوا غازی ماڵان لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنی و لە ناو گەڕەکەکان بەسەر هاوڵاتییاندا دابەش دەکرێت. ئەم هەنگاوە بۆ ئەوەیە غاز بە یەکسانی و بە نرخی حکومی بگاتە دەستی هەمووان و بریکارەکان نەتوانن قۆرخکاری تێدا بکەن.

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارێزگای هەولێردا بڕیاردرا ئاسانکاری بکرێت بۆ ئەو کەسانەی تازە هاوسەرگیرییان کردووە و هێشتا فۆرمی خۆراکیان لە ماڵی باوکیان جیا نەکردووەتەوە، رێگەیان پێدەدرێت غاز وەربگرن.

هەروەها، کێشەی ئەو هاوڵاتییانەی خەڵکی ناوچە دابڕاوەکانن و لە هەولێر نیشتەجێن، چارەسەر دەکرێت تا لە کارتی ئەلیکترۆنی سووتەمەنی سوودمەند بن.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەی ئێستا کێشەی کەمیی غاز هەیە، داوایان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردووە پشکی رۆژانەی پارێزگاکە زیاد بکەن تا قەیرانەکە بە تەواوی کۆتایی بێت.

پارێزگاری هەولێر هۆشداری دایە هەموو کارگە و بریکارەکان، هەر کەسێک غاز لە نرخی دیاریکراوی حکومی گرانتر بفرۆشێت یان قۆرخکاری بکات، رووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەبێتەوە و چاودێرییەکی ورد دەخرێتە سەر هەموو کۆڵانەکان.