داوادەکەن راگەیاندنەکان هاوکاریان بن
کەمپێنێک راگەیەنراوە بۆ قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی خەڵکی هەژار
964+
وریا فەتاح
تیمێکی خۆبەخش لە رێگەی کەمپینێکەوە، دەیانەوێت کۆتایی بە بڵاوکردنەوەی دیاردەی وێنەگرتنی ئەو کەسانە بھێنن کە پێویستیان بە ھاوکاری کۆمەڵایەتییە.
کەمپینەکە ناوی لێنراوە “پاراستن و بەرز راگرتنی شکۆمەندی وەرگرانی ھاوکاری کۆمەڵایەتی لە ھەرێمی کوردستان”، تیمێکی خۆبەخشی رێکخراوی پاسەوان سەرپەرشتی کەمپینەکە دەکەن.
ئەو تیمە بانگەوازێکیان بڵاوکردوەتەوە دەڵێن، “لە ھەرێمی کوردستان شکۆی وەرگرانی ھاوکاری کۆمەڵایەتی پێشێلکراوە و بەبێ ویستی خۆیان یان بە ناچاری وێنە و ڤیدیۆیان دەکرێت و بڵاودەکرێتەوە”.
ئەو خۆبەخشانەی کەمپینەکەیان راگەیاندووە، داوا لە کەسایەتی و رێکخراوەکان و راگەیاندنەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە، پاڵپشتبن بۆ سەرخستنی کەمپینەکە و پاراستنی تایبەتمەندی ماف و شکۆی وەرگرانی ھاوکاری کۆمەڵایەتی.
ئەم کەمپینە لە کاتێکدایە، لە ھەرێمی کوردستان دیاردەی وێنە و ڤیدیۆ تۆمارکردنی خەڵکانی کەمدەرامەت یان ئەوانەی پێویستییان بە ھاوکاری کۆمەڵایەتییە بەردەوام لە فراوانبوندایە.