لە قامیشلۆوە بۆ سویسرا؛ سەرتاشێک بە مقەست و گوێزانەکەی هونەرێک دەنەخشێنێت

964+

پەری ساڵح

چیرۆکی کۆچی گەنجانی کورد هەمیشە پڕن لە ئازار، بەڵام هەندێکیان دەبنە چیرۆکی سەرکەوتن و سەرنجی میدیاکانی جیهان رادەکێشن، دیار گەنجێکی خەڵکی شاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستانە، دوای چەندین ساڵ لە ناڕەحەتی، شەڕ، هێرشی داگیرکەران و لەدەستدانی چەندین کەسی ئازیزی، رێگەی کۆچ دەگرێتەبەر و ئێستا لە وڵاتی سویسرا نیشتەجێیە.

ئەو لە سویسرا تەنیا سەرتاشێکی ئاسایی نییە، بەڵکو مقەست و گوێزانەکەی وەک پێنووسێکی شێوەکاری بەکاردێنێت، ئەو لەسەر قژی کڕیارەکانی، وێنەی کەسایەتییە بەناوبانگەکان و شاکاری هونەریی سەرنجڕاکێش دەکێشێت.

ئەم گەنجە دەستڕەنگینە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی 964 باسی لە سەرەتای ژیانی لە غەریبی کرد و وتی، کاتێک گەیشتمە سویسرا، هەموو شتێک زۆر قورس بوو. زمانی نوێ، لە 15 ساڵی رۆژئاوام بەجێهێشت و ماوەی 10 ساڵە لێرەم، سەرەتا ئەو وێنانەی دروستم دەکردەوە لە قژی کڕیارەکانم سێ کاتژمێری دەویست، بەڵام ئێستا ئەوپەڕی 40 خولەک.

دیار ئامانجی ئەوەیە لە داهاتوودا لەرێگای کارەکەیەوە خزمەت بە وڵاتەکەی بکات.