لۆگۆی ئاسایشی هەولێر
چۆن دەیانناسنەوە؟
ئاسایشی هەولێر: خۆتان بپارێزن لەو باندانەی کاری ساختەکاری دەکەن
ئەحمەد مستەفا
ئاسایشی هەولێر ئاگاداریی هاوڵاتی و شوێنکارەکان دەکات، خۆیان بپارێزن لەو باند و گرووپانەی کاری ساختەکاری دەکەن، بەناوی ریکلام یان پێداویستی کرینەوە دەیانەوێ مامەڵە بکەن.
ئاسایشی پایتەخت ئەمڕۆ چوارشەممە 10.6.2026، لە راگەیەندراوێکدا ئەوەشی وتووە، ئاگاداری هاوڵاتییان و شوێنکارەکان دەکەنەوە خۆیان بپارێزن لەو باند و گرووپانەی کە بەشێوەی ساختە و بە پلانی جیاواز پەیوەندییان پێوە دەکەن بەناوی ریکلام یان پێداویستی کرینەوە.
ئاسایش داوای کردووە، مامەڵەیان لەگەڵ نەکەن، کە دواتر وا نیشان دەدەن بەرێگای هەژماری بانکی پارەیان بۆ رەوان دەکەن لە جێگای ئەوەی پارە برواتە سەر هەژمارەکانتان پارەیان رادەکێشرێت.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەکراوە، ئەم شێوازە جۆرێکی فێڵکردنە و پێویستی بە هۆشیاری لە مامەڵەکردنەوە هەیە، بۆیە داوا دەکەین بۆ ئەوەی سامانتان پارێزراوبێت، خۆتان بە دوور بگرن لەو مامەڵەکردنانەی کە بەڕێگای هەژماری بانکی دەکرێت بەبێ ئەوەی کەسی بەرامبەر بینراوبێت یان ناسراوبێت.
ئاسایشی هەولێر دەڵێ، لە لایەن تیمەکانیانەوە بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دەست بە ئەنجامدانی بەدواداچوون کراوە و لە کاتی دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانە زانیاریی زیاتر بڵاو دەکەینەوە.