پێکهاتەکەیان دەرمانە

ریکلامکردن بۆ چا و قاوەی کێش دابەزاندن قەدەغە کرا

ژووری هەواڵ

وەزارەتی تەندروستی بڕیاری دا ریکلامکردن بۆ ئەو چا و قاوانە قەدەغە بکات، كە بە مەبەستی دابەزاندنی كێش یان زیادكردنی كێش بەكاردەهێندرێن.

ئەمڕۆ سێشەممە 28.11.2023، د. سەركار سورچی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە 964ـی راگەیاند، ئەو چا و قاوانەی کە بەکاردەهێندرێن بۆ کێش دابەزاندن، پێویستە لە رێگەی کوالێتی کۆنتڕۆلی جۆری دەرمان (KMCA) رێگەپێدانیان هەبێت و ستیكەریان لێبدرێت و تەنیا لە دەرمانخانەكان بفرۆشرێن.

بەپێی نوسراوێک کە واژووی د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی بەسەرەوەیە، “ریكلامكردن بۆ ئەو جۆرە چا و قاوانە بە هەمووشێوەیەك قەدەغەیە لە راگەیاندنەكانی بینراو و بیستراو و نووسراو و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان”.

بە وتەی د. سەركار سورچی، پێکهاتەی ئەو جۆرە چا و قاوانە دەرمانن، بۆیە پێویستە تەنیا لە رێگەی کوالێتی کۆنتڕۆلی جۆری دەرمان رێگەپێدانیان بۆ بکرێت.

وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، “هەر کەسێک پابەند نەبێت رێکاری یاسایی توندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر”.