هەولێر یارییەکەی لە زاخۆ بردەوە و فەرهاد پیرباڵیش بە جلی زاخۆوە دەرکەوت
964+
شڤان عەبدوڵا- زاخۆ
لە کەشێکی پڕ لە جۆش و خرۆش و گیانی برایانەی وەرزشیدا، دێربیی چاوەڕوانکراوی کوردستان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق لە نێوان هەردوو یانەی زاخۆ و هەولێر بەڕێوەچوو، کە تێیدا یانەی هەولێر توانی سەرکەوتنێکی گرنگ تۆمار بکات.
کامێرای 964 لە ناو یاریگاوە چەندین دیمەنی سەرنجڕاکێشی پێش یارییەکە و کاتی یارییەکەی تۆمارکردووە:
بەر لە دەستپێکردنی یارییەکە، عەمار فەرهاد سەرۆکی یانەی زاخۆ، چەپکەگوڵێکی پێشکەشی وەلید عەرەب سەرۆکی یانەی هەولێر کرد و پەیامی تەبایی و برایەتی نێوان یانە کوردییەکانیان دووپات کردەوە.
نووسەر و بیرمەندی ناسراو، د. فەرهاد پیرباڵ، تایبەت لە هەولێرەوە گەیشتبووە زاخۆ بۆ پاڵپشتیکردنی کوڕانی بادینان و جلی فەرمی یانەی زاخۆی پۆشیبوو.
منداڵێکی بچکۆلەی هاندەری هەولێر بە جلی رەسەنی کوردییەوە لە ناو یاریگا هیوای خواست “یارییەکە ببێتە یارییەکی برایانە.”
ژمارەیەکی زۆری هاندەران لە هەولێرەوە سەردانی زاخۆیان کردبوو و بە متمانەیەکی زۆرەوە دەیانگوت: “یانەی هەولێر گەڕاوەتەوە بۆ سەردەمی زێڕینی جاری جاران.”
پێداچوونەوەی: پەری ساڵح