منداڵە ونبووەکەی بناری قەندیل بە مردوویی دۆزرایەوە
دوای 15 رۆژ لە ونبوونی، کەمێک پێش ئێستا ئەو منداڵەی ماوەیەک لەمەربەر لە بناری قەندیل ونبوبوو، بە مردوویی دۆزراوەتەوە.
شاهۆ هەنگەوان، کە خەڵکی گوندی ئێندزەیە لە بناری قەندیل و ئەو منداڵەش لە سنووری گوندەکەیان ونبوبوو بۆ 964 پشتڕاستی کردەوە کە منداڵەکە کەمێک لە دووری گوندەکەیان، بە مردوویی دۆزراوەتەوە.
نەهرۆ عەبدوڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر کە گوندی ئێندزە لە سنووری ناحیەکەیەتی بە 964 ی وت، هەواڵیان پێدراوە کە تەرمی منداڵێک لە بناری قەندیل دۆزرابێتەوە، تیمەکانیان ناردووە بۆ هێنانەوەی و تاوەکو ئێستاش تەرمەکە نەگەیشتووەتەوە.
لایخۆشییەوە، تەها محەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی راپەڕین لە گروپی میدیاکان بڵاویکردووەتەوە کە تیمێکی پزیشکی دادی رانیە بە مەبەستی هێنانەوەی تەرمەکە چونەتە بناری قەندیل.
رۆژی 28.5.2026 کەسوکاری ئەم منداڵە کە خۆیان دانیشتووی پیرزینی سەر بە هەولێرن بەمەبەستی جەژنەپیرۆزە سەردانی گوندەکەیان کردبوو و لەوێش منداڵەکەیان لێ ونبوبوو.
ئەوکات، کەسوکاری منداڵەکە بە 964 یان وتبوو کە تەواوی خێزان و خەڵکی ناوچەکە سەرقاڵی گەڕانن بەدوایدا و داوا لە هەر کەسێک دەکەن زانیارییەکی لایە، هاوکارییان بکات، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕینیش سەبارەت بەم رووداوە بۆ 964 وتبووی، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک لە بارەی ونبوونی ئەم منداڵەوە سەردانی بنکەکانی ئێمەی نەکردووە و هیچ سکاڵایەکی یاسایی لەمبارەیەوە تۆمار نەکراوە.