ئیجرائات دەکەن

بۆ رووداوەکەى رانیە؛ 964 وەزیرى تەندروستى هینایە سەرخەت

وریا فەتاح

رووداوێکی هاتوچۆ لە رانیە بووە هۆى گیانلەدەستدانى چوار کەس و برینداربوونى سیانى تر، بەڵام ئازاری بریندارەکان تەنیا رووداوەکە نەبوو، بەڵکو کەمتەرخەمیی کارمەندانی سەنتەری تیشک بوو. 964 لەسەر ئەم کەیسە وەزیری تەندروستی و بەرپرسانی تەندروستیی راپەڕینی هێنایە دەنگ.
دوای ئەوەی دەرکەوت دوو لە بریندارەکانی رووداوەکە لە سەنتەری تیشک بۆ ماوەی زیاتر لە نیو کاتژمێر بەبێ چاودێری جێهێڵراون و هیچ کارمەندێک نەچووە بەلایانەوە، 964 پەیوەندی بە دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستییەوە کرد، ئەو بە 964ـى رایگەیاند: “لیژنە پێکهێندراوە و ئیجرائات دەکەین بۆ ئەوەی بزانین بۆچی دواکەوتوون لە بەدەمەوەچوونی بریندارەکان”.
لەلایەکی دیکەوە، دکتۆر سەفەر حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی راپەڕین قسەی بۆ 964 کرد و وتی: “لیژنەمان پێکهێناوە، چونکە کەمتەرخەمییەک هەبووە، هەرکەسێکیش کەمتەرخەم بووبێت سزای دەدەین”.
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە کە لەسەر رێگای رانیە – قەڵادزێ روویدا و حەوت قوربانی لێکەوتەوە، بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە دەست 964 کەوتووە، ماتۆڕسکیلێک بە پێچکردنەوەیەکی هەڵە دەبێتە هۆی دروستبوونی کارەساتەکە.
عەلی عەبدوڵا، وتەبێژی هاتوچۆی راپەڕین بە 964ـی وت، “لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە ماتۆڕسکیلەکە یەکێکە لە هۆکارەکانی رووداوەکە، هاوکات تیژڕۆییش هۆکارێکی دیکە بووە، بۆیە دەستبەجێ شۆفێری ماتۆڕسکیلەکە دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە”.