بریندار و دەستگیرکراو هەن
لە حەفتەغار گرژی دروستبووە و هێز ماڵەکان دەپشکنن
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
لە گوندی حەفتەغاری سەر بە کەرکوک لەسەر کێڵانی زەوی کشتوکاڵی ئاڵۆزی دەکەوێتە نێوان ژمارەیەک لە جوتیارانی کورد و عەرەب، گرژی دروست دەبێت و برینداری لێ دەکەوێتەوە، هێزە عێراقییەکانیش هاتوونەتە ناوچەکە.
رووداوەکە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 27.11.2023 روویداوە، هەردوولایان دانیشتووی گوندی حەفتەغارن و لەسەر کێڵانی زەوییەکانیان، بووە بە کێشەیان یەکتر تۆمەتباردەکەن لەسەر ئەوەی کە شوێنەکە هی ئەوانە.
عیماد عەبدوڵا، یەکێکە لەو جوتیارانەی لە حەفتەغار سەرقاڵی کارکردن بووە، ئەو بە 964ی وت، “کەمێک پێش ئێستا لەکاتی کێڵانی زەویەکانمان ژمارەیەک جوتیاری عەرەب بە چەک و دار هاتنە سەرمان و رێگریان لە کێڵانی زەوییەکانمان کرد، بەبیانوی ئەوەی کە ئەو شوێنە شوێنی ئەوان بووە لەپێشتردا”.
لەسەر کێڵانی زەوی گرژی کەوتە نێوان جوتیارانی کورد و عەرەب لە سنووری خورماتوو
بە وتەی ئەو جوتیارە بێت، دەمەقاڵێ و گرژی کەوتوەتە نێوانیان بۆ ماوەی نیو کاتژمێر بە دار و مستەکۆڵە شەڕ لەنێوانیاندا بەردەوامە بووە، ئەو وتی، “پاشتر هێزە عێراقییەکانی سنورەکە ئاگادار کرانەوە هاتن و ژمارەیەک جوتیاریان لەهەردوولا دەستگیرکرد و دواتر دەستیان بە پشکنینی ماڵەکان کردووە”.
بەپێی زانیاریەکانی 964 لەگرژییەکەدا، سێ جوتیاری عەرەب برینداربوون کە دار بەر سەریان کەوتووە و دوو جوتیاری کوردیش لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە دەستگیرکراون.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا