ئەمریکا فەلوجە دەکات بە کەشتی جەنگیی
+964
فەهمی نەبی – هەولێر
ئەمریکا یەکێک لە کەشتییە نوێیە جەنگییەکانی خۆی ناودەنێت فەلوجە، وەکو یادکردنەوەی سەربازە لەدەستچووەکانی شەڕی شاری فەلوجە لە عێراق.
لە 2003 دوو شەڕ روویدا لە شاری فەلوجە، کە تێیدا سەربازەکانی ئەمریکا ماڵ بە ماڵ لەگەڵ گروپی ئەلقاعیدە شەڕیان دەکرد.
کەشتییە جەنگییەکە ناوی “USS Fallujah” دەبێت، رۆژی سێشەممە 27ی کانونی یەکەمی 2022، کارلۆس دێل تۆرو، وەزیری پاسەوانی دەریاوانیی ئەمریکا ناساندی.
ئەو وەزیرە هۆکاری ناونانەکەی گەڕاندەوە بۆ ئەو سەربازانەی کە لە ساڵانی 2003 بەدواوە، لە جەنگی خوێناوی نێوان هێزەکانی ئەمریکا و چەکدارانی ئەلقاعیدە دروستبوو.
دێل تۆرو، لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، “شەرەفێکی گەورەیە، یادی سەربازانی مارێنز و هاوبەشەکانمان دەکەینەوە کە لەو شارە رۆحی خۆیان بەخشی”.
کەشتیە جەنگییەکە، درێژیەکەی 257 مەترە و قورساییەکەی 44 هەزار و 971 تۆنە.
قەزای فەلوجە، 65 کیلۆمەتر لە بەغدای پایتەختەوە دوورە.
ساڵی 2004، دوو شەڕی خوێناوی لە نێوان سەربازە مارێنزەکانی ئەمریکا و چەکدارانی ئەلقاعیدە دروستبوو، تیایدا زیاد لە 100 مارێنزی ئەمریکی کوژران و هەزاری دیکەش بریندار بوون.
جەنگی یەکەمی فەلوجە ئەو کاتە دروستبوو، کە بۆمبێکی چێندراوی قەراغ شەقامێک بە کاروانی ئۆتۆمبێڵی هێزەکانی ئەمریکا تەقییەوە و پێنج سەربازی ئەمریکی و چوار کارمەندی کۆمپانیای بلاک وۆتەری کوشت، دوای کوشنتنیان جەستەیان بە پردی دەروازەی شاری فەلوجە هەڵواسرا و لە ئەنجامدا ئەمریکا شارەکەی گەمارۆدا.
جەنگی دووەمی فەلوجە لە تشرینی دووەمی 2004 بوو، هێزی مارێنزی ئەمریکی و هێزی بەریتانی و هێزە عێراقیەکان هێرشیان بۆ سەر شارەکە کرد و بەشی زۆری شارەکە خاپوور بوو.