لە دوکان قوتابخانەیەکی نوێ دەکرێتەوە. وێنە :964
ساڵانێکی زۆرە دروستکراون
قوتابخانەکانی دوکان نۆژەندەکرێنەوە
بەرزان عوسمان – دوکان
قوتابخانەکانی سنووری پەروەردەی دوکان ساڵانێکە زۆرە دروستکراون و کۆن بوون بۆئەوەی کەڵکی ئەوەیان هەبێت درێژە بە خوێندن بدرێت تێیاندا نۆژەندەکرێتەوە.
نۆژەنکردنەوەکان لە سەر بودجەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم و داهاتی فرۆشگاکانی پەروەردەی دوکانە.
مهاباد مستەفا بەڕێوەبەری پەروەردەی دوکان بە 964ـی وت، نۆژەنکردنەوەکە بە گوژمەی زیاتر لە 141 ملیۆن دینار ئەنجام دەدرێت و لەلایەن بەشی ئەندازیاری پەروەردەوە سەرپەرشتی دەکرێت و زۆربەی قوتابخانەکانیشیان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە.
وتیشی، نۆژەنکردنەوەکان بۆ 11 قوتابخانەیە و خۆی لە دروستکردنی پۆلی تازە و چیمەنتۆکردنی گۆڕەپانی قوتابخانە و چاکردنی ئاوو ئاوەڕۆ و دروستکردنەوەی دیوار دەبینێتەوە.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی دوکان زیاتر لە 118 بینای قوتابخانە و باخچەی ساوایان لە سنوورەکەیان بوونی هەیە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی