"لە وەڵامی دەستدرێژییەکانی ئەمریکایە"
ئێران دەستی بە موشەکبارانی وڵاتانی ناوچەکە کردەوە
شۆڕش قادری
میدیای ئێران چەند ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لە وەڵامی دەستدرێژییەکانی ئەمریکا، ئەمڕۆ سوپای پاسداران چەند پێگەیەکی ئەو وڵاتەی لە ناوچەکە موشەکباران کردووە.
هەر ئەمڕۆ لە ئوردن زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا و هێزە چەکدارەکانیان رایانگەیاند، هەشت موشەکی ئێرانیان تێکشکاندووە کە بەرەو خاکی وڵاتەکەیان هەڵدرابوون.
دوو شەوە ئەمریکا شارەکانی بەندەرعەباس و بوشەهر و سیرک و چابەهار و جاسک و چەند بەندەرێکی دیکە لە باشووری ئێران بۆردومان دەکات، تاران ئەو هێرشانە بە پێشێلکردنی ئاگربەست دەزانێ و واشنتنیش دەڵێت، لەو وەڵامی هێرش کردنەسەر چەند کەشتییەکی بازرگانی لە گەرووی هورمز ئەو هێرشانەیان ئەنجام داوە.
ئەمڕۆ بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی ئێران ئاشکرایکرد، لە دوو رۆژی رابردوودا ئەمریکا پێنج پارێزگای ئەو وڵاتەی کردووەتە ئامانجی هێرشەکانی، بەهۆیانەوە تا ئێستا 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و 78 کەسی دیکەش برینداربوون.
هەر ئەمڕۆ میدیای ئێران بڵاویکردەوە کە دەورووبەری وێستگەی ئەتۆمیی بۆشەهر بە تەنێکی نامۆی ئەمریکا کراوەتە ئامانج، بەڵام زیانەکانی ئاشکرا نەکرد.