خاوەن پێداویستی تایبەت بوو و کاری دیلیڤەری دەکرد

دوای حەوت رۆژ لە خنکانی تەرمی گەنجەکە لە پردێ دۆزرایەوە

کاروان ساڵحی – کەرکوک

دوای حەوت رۆژ، تەرمی ئەو گەنجەی لەناو ئاوی زێی بچووک و لە سنووری پردێ خنکا دۆزرایەوە.

رۆژی هەینی رابردوو سێ گەنجی دانیشتووی حەویجە بە سواری ماتۆڕ چوونە زێی بچووک بۆ مەلەکردن، یەکێک لەو گەنجانە بەناوی ویسام بەرزان و تەمەن 17 ساڵ خنکا.

سەرچاوەیک لە بەشی پۆلیسی رووباری سەربە  فەرماندیی پۆلیسی کەرکوک بە 964ـی وت، کەمێک پێش ئێستا تەرمی ئەو گەنجە بە دووری چەندین کیلۆمەتر لە شوێنی خنکانی دۆزراوەتەوە، بڕیارە کەمێکی دیکە رەوانەی پزیشکی دادی کەرکوک بکرێت و پاشان رادەستی کەسوکارەکەی دەکرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، گەنجە خنکاوەکە کاری دیلیڤەری کردووە و خاوەن پێداویستی تایبەت بووە و قاچێکی نەبووە، هەر ئەوەش بووەتەهۆی ئەوەی لەکاتی مەلەکردندا تووشی ئەو کارەساتە ببێت.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری