تاپڕ و لایت و کۆترە کوژراوەکان لای پۆلیس - وێنە: پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی
سزای راو چییە؟
راوچییەک دەستگیر کرا
964+
پێشەوا محەمەد
لە سنووری گوندی گۆپتەپە راوچییەک دەستگیر کراوە، کە سەرقاڵی راوە کۆتر بووە و پۆلیس دەڵێت، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ راوچییەکە کردووەتەوە.
لە کاتی دەستگیرکردنیدا دەستبەسەر چەکێکی جۆری بادی و لایتێک و دوو کۆتری کوژراودا گیراوە.
هێمن کەمەرخان، وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، “راوکردن بە هەموو جۆرەکانییەوە قەدەغەیە و مەفرەزەکانمان لە هەرکوێیەک ئاگادار بکرێنەوە یان خۆیان کەسانێک ببینن راودەکەن، دەستگیریان دەکەن”.
دەشڵێت، بە پێی رێنمایی ژمارە 1ـی ساڵی 2015ـی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی کوردستان، سزای راوکردنی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان لە 100 هەزارەوە بۆ 10 ملیۆن دینارە و هەندێک باڵندەی دەگمەنیش سزاکەی زیاترە.
بە پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، ئەمساڵ زیاتر لە 65 هاوڵاتی لەسەر راوی جۆراوجۆر دەستگیر کراون.