نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم:

“دۆڵی خۆشناوەتی مەڵبەندی نیشتمانپەروەری بووە بۆیە کرایە ئامانجی شاڵاوی ئەنفال”

شۆڕش قادری

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دۆڵی خۆشناوەتی هەمیشە مەڵبەندی نیشتمانپەروەری بووە بۆیە کرایە ئامانجی شاڵاوی ئەنفال.

ئەمڕۆ یادی 39 ساڵەی تاوانی کیمیابارانکردنی بالیسان و شێخ وەسانانـە، بەو بۆنەیەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، “بالیسان و شێخ وەسانان و تەواوی دۆڵی خۆشناوەتی، هەمیشە مەڵبەندی نیشتمانپەروەری و پشتیوانی شۆڕش و پێشمەرگە بوون، بۆیە کرانە ئامانجی ئەو شاڵاوە ڕەشە، بەڵام گه‌لى كوردستان به‌ خۆڕاگرى مايه‌وه‌ و تاوانكاران له‌ناوچوون”.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێم لە خوارەوە؛

ئەمڕۆ یادی (39) ساڵەی تاوانی کیمیابارانکردنی بالیسان، شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی دەکەینەوە. ئەو تاوانە گەورەیەی ساڵی ١٩٨٧ کە ڕژێمی پێشووی عێراق ئەنجامی دا، سەرەتا و دەستپێکی زنجیرەیەک تاوانی دڕندانەى کیمیابارانکردنی خەڵکی سڤیل و خاک و سروشتی جوانی کوردستان بوو.

لەم یادە به‌ئازاره‌دا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی نەمر دادەنەوێنین و سڵاو بۆ کەسوکاری سەربەرزيان و بۆ قوربانی و بەرکەوتووانی ئەو کارەساتە دەنێرین.

بالیسان و شێخ وەسانان و تەواوی دۆڵی خۆشناوەتی، هەمیشە مەڵبەندی نیشتمانپەروەری و پشتیوانی شۆڕش و پێشمەرگە بوون، بۆیە کرانە ئامانجی ئەو شاڵاوە ڕەشە، بەڵام گه‌لى كوردستان به‌ خۆڕاگرى مايه‌وه‌ و تاوانكاران له‌ناوچوون.

سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی خۆشناوەتی و تەواوی شەهیدانی کوردستان.