لە شارەزوور شەقامێک قیرتاو دەکرێت. وێنە:964+
داوکاری خەڵک بووە
لە شارەزوور شەقامێکی گشتی لە خۆڵەوە دەکرێتە قیر
بڕوا مەجید – شارەزوور
شەقامەکە دەکەوێتە تەنیشت مزگەوتی شێخ مەعروفی نێرگسەرجاڕ لە قەزای شارەزوور، درێژی رێگاکە 150 مەتر و پانی هەشت مەترە، بە سەرپەرشتی شارەوانی شارەزوور پڕۆژەی ئاوەڕۆ و دواتر قیرتاوکردنی تێدا ئەنجام دەدرێت.
سالار ئەحمەد رەشید، سەرۆکی شارەوانی شارەزوور بۆ 964 وتی، “رێگاکە پێشتر خۆڵبووە و لە وەرزی هاوین تۆز و خۆڵ، لە زستانیش قوڕ و چاڵوچۆڵی زۆری تێدا دروست دەبوو کە ئاستەنگی بۆ نوێژخوێنانی مزگەوتەکە و ئەو هاوڵاتیانە دروست دەکرد کە بەوڕێگایەدا دەڕۆشتن”.
بەوتەی سەرۆکی شارەوانی شارەزوور بێت، لەسەر داوای هاوڵاتیان و لەسەر بودجەی سەرۆکایەتی شارەوانی، بەبڕی 63 ملیۆن دینار پڕۆژەی ئاوەڕۆ، قیرتاوکردنیان بۆ رێگاکە دەستپێکردووە.
دەربارەی ئەوەی پڕۆژەکە بە چەند قۆناغ جێبەجێ دەکرێت، سالار ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، ” لەقۆناغی یەکەمدا راکێشانی بۆری ئاو بۆ پڕۆژەکە دەستپێدەکەین، دواتر قیرتاوکردن و شۆستەکردن بۆ پڕۆژەکە ئەنجام دەدەین”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا