لە پڕۆژە نوێیەکان رەچاوی مافەکانیان دەکرێت

لە ناوچە گەشتیارییەکانی هەڵەبجە گرنگی زیاتر بە خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان دەدرێت

فەرهاد حەسەن

بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری کۆمەڵایەتی شارەکەیان کۆبوونەتەوە، بۆ ئەوەی بەپێی ئەو پلانەی هەیانە گرنگیدانی زیاتر بە خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان لە ناوچە گەشتیارییەکان بدەن.

بەپێی راگەیەندراوێکی گەشتوگوزار، لە کۆبونەوەیەکدا کە بەڕێوەبەرانی گەشتیاری و پشکنینی گەشتیاری و راگەیاندن و بەبازاڕکردن و بەشی ئەندازیاری ئامادەی بوون، گفتوگۆ لە سەر مافی خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان لە ناوچە گەشتیاریی و فەرمانگە حکومیەکان و رەچاوکردنی ئاسنکاری گەشتنی گەشتیارانی خاوەن پێداویستی تایبەت کراوە، بە خواردنگە و کافتریا و شوێنە گەشتیارییەکان لە سنوری پارێزگاکەیاندا .

چیا قاسم، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزار وتویەتی، پێویستە لە ناوچە گەشتیارییەکان کاری جدی بکرێت بۆ ماف و ئاسانکاری گەشتنی خاوەن پێداویستی تایبەت بە شوێنە جیاوازەکانی گەشتکردن، بە تایبەتیش لە پڕۆژە گەشتیاریە نوێیەکان لە کاتی ئەنجامدانی هەر پڕۆژەیەک رەچاوی مافی خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان بکرێت.