دەبنە فەرمی یاخود دادەخرێن
بەغدا لیژنەیەک بۆ دەروازە “نافەرمییەکانی” هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت
فەرهاد حەسەن
ئەنجومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووری، کە فالح ئەلساری وەزیری دارایی بە وەکالەت، سەرۆکایەتی دەکات، بڕیاریدا لیژنەیەکی باڵا بۆ پشکنینی تەواوی دەروازە و مەرزە “نەفەرمییەکان” لە هەرێمی کوردستان پێکبهێنێت.
بەپێی بڕیارەکە، لیژنەکە راپۆرتێکی ورد لەسەر بارودۆخی ئەو مەرزانە پێشکەش دەکات، جا ئەو دەروازانەی مەرجی یاساییان تێدایە و ژێرخانی پێویستیان هەیە، دەکرێنە “مەرزی فەرمی” و ئەوانەشی نەفەرمیینە بێ مەرجن لە رێگەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری فیدراڵییەوە بە تەواوەتی دادەخرێن.
بەپێی راگەیەندراوێک لە کۆبوونەوەکەدا کە شاندێکی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، بڕیاردرا:
– ئامادەکردنی نامیلکەیەکی یەکگرتوو بۆ لێخۆشبوون و داشکاندنە گومرگییەکان کە لە هەموو عێراقدا یەکجۆر بێت.
– کاراکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی (ئاسیکۆدا) بۆ یەکخستنی رێکارە گومرگی و باجییەکان لە هەموو مەرزەکان، لەوانەش مەرزەکانی هەرێمی کوردستان.
– بەرزکردنەوەی پێشنیازی هاوبەش بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ سەبارەت بە میکانیزمی کۆکردنەوەی داهاتەکان لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێم.