964+
لە سلێمانی و هەولێر
بەغدا دوو کەمپ بۆ پێشمەرگەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دروستدەکات
ژووری هەواڵ
حکومەتی عێراق دوو کەمپ لە هەولێر و سلێمانی بۆ پێشمەرگەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دروست دەکات و دەڵێت، “لە چەک دادەماڵدرێن”.
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی حکومی راگەیاندووە، دوای 14 کۆبوونەوە لە بەغدا، هەولێر، سلێمانی و تاران، گەیشتینە رێککەوتن کە سەرجەم چەکدارەکان بە درێژایی سنوور لە پارێزگای هەولێر و سلێمانی بۆ ناوچە دوورەکان بگوازینەوە و لە چەکیش دایانبماڵین.
بەوتەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، کەمپەکان لەژێر سەرپەرشتی حکومەتی عێراقدا دەبن و دەستکراوە بە دروستکردنی یەکێک لە کەمپەکان لە هەولێر.
“حکومەت پێداگرە لەسەر چارەسەرکردنی هەموو کێشە و گرفتەکان لە رێگەی گفتوگۆوە. حکومەت ئەو کارەشی کردووە، دوای ئەوەی لیژنەی باڵا لەنێوان عێراق و ئێران بۆ چارەسەرکردنی کێشەی چەکدارانی ئێرانی سەر خاکی عێراق پێکهێندرا”، قاسم ئەعرەجی وای وت.
رێکەوتنی ئەمنی ئێران و عێراق کە یەکێک لە خاڵەکانی دەرکردنی هێزە کوردیەکانی رۆژهەڵات بوو لە هەرێمی کوردستان لە 19.3.2023 لە نێوان عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێران و قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق واژۆ کرا.