باران دەبارێت

ئەگەر دوانیوەڕۆ چوونە دەرەوە چەترتان بیر نەچێت


وریا فەتاح

ئەمڕۆ سێشەممە، ئاسمانی هەرێمی کوردستان بەتەواوی هەوراوی دەبێت. کەشناسی پێشبینی دەکات لە دوانیوەڕۆوە شەپۆلێکی بارانبارین سەرتاسەری ناوچەکان بگرێتەوە، بۆیە ئەگەر دەچنە دەرەوە، باشترە چەترەکانتان لەگەڵ خۆتان ببەن.

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، بەهۆی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوورەوە، هەرچەندە بەیانی ئەمڕۆ نمەباران تەنیا لە سنووری دهۆک و زاخۆ باری، بەڵام لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆوە، شەپۆلەکە فراوان دەبێت. نمەبارانی پچڕپچڕ تەواوی سەنتەری پارێزگاکان، ناوچە شاخاوییەکان و ئیدارە سەربەخۆکان دەگرێتەوە، کە لە هەندێک کاتدا دەگۆڕێت بۆ لێزمەبارانی کورتخایەن و هەورەبرووسکە.

لەگەڵ هاتنی شەودا کەشوهەواکە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، خێرایی با بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات و دەگاتە سەرووی 25 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا. هەروەها شەپۆلێکی هەوای فێنک ناوچەکە دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما بە ڕێژەی (3 بۆ 5) پلە دادەبەزێنێت. لە درەنگانی شەویشدا شەپۆلی بارانبارینەکە لاواز دەبێت و تەنیا لە ناوچە شاخاوییەکان دەمێنێتەوە.

چەند باران دەبارێت؟
کەشناسی پێشبینی دەکات بڕی بارانبارینی ئەم شەپۆلە بەم شێوەیە بێت:

ناوچە دەشتاییەکان: 3 بۆ 5 ملم.
ناوچە نیمچە شاخاوییەکان: 4 بۆ 7 ملم.
ناوچە شاخاوییەکان: 6 بۆ 8 ملم.
ناوچە شاخاوییە بەرز و سنوورییەکان: 7 بۆ 12 ملم.
بۆ سبەی چوارشەممە (7.10.2026) کەشوهەوا چۆن دەبێت؟
سبەی کاریگەریی ئەم شەپۆلە زۆر لاواز دەبێت، بەڵام کاریگەرییەکەی بە کەمێتی لەسەر سنوورەکانی گەرمیان، سلێمانی، هەڵەبجە، کەرکووک، هەروەها دهۆک و زاخۆ دەمێنێتەوە. لە بەرامبەردا، لە هەولێر و ئیدارەکانی سۆران و ڕاپەڕین ئاسمان تەنیا نیمچەهەور دەبێت. هاوکات پلەکانی گەرما بەردەوام دەبن لە دابەزین و (3 بۆ 4) پلەی دیکە نزم دەبنەوە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو (ئەمڕۆ – سبەی) بە پلەی سیلیزی:

هەولێر: ئەمڕۆ 28، سبەی 25
سلێمانی: ئەمڕۆ 24، سبەی 22
دهۆک: ئەمڕۆ 25، سبەی 23
هەڵەبجە: ئەمڕۆ 26، سبەی 24
گەرمیان: ئەمڕۆ 29، سبەی 26
زاخۆ: ئەمڕۆ 26، سبەی 23
چەمچەماڵ: ئەمڕۆ 28، سبەی 26
ئاکرێ: ئەمڕۆ 26، سبەی 24
پیرمام: ئەمڕۆ 25، سبەی 22
حاجی ئۆمەران: ئەمڕۆ 20، سبەی 18