''کرێکار بە کۆیلە دەزانن''
کرێکارە بریندارەکانی سلێمانی خۆیان دەیگێڕنەوە چییان بەسەرهاتووە
964+
دیلان محەمەد-سلێمانی
بۆ یەکەمجار کرێکارە بریندارەکان لە نەخۆشخانەوە وردەکاری رووخانی سەقفی بیناکەی سلێمانی دەگێڕنەوە، یەک لە کرێکارەکان ئۆباڵی رووداوەکە دەخاتە ئەستۆی خاوەنکار و بەڵێندەر و ئەندازیارەکە، یەکێکی تریشیان دەڵێت ئیرادەی خوا بوو.
ئێستا پێنج کرێکار لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شۆڕشن لەسلێمانی، ئەمانە ئەو پێنج کەسەن کە لە نزیک نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە هۆی داڕوخانی سەقفی باڵەخانەیەکی بازرگانییەوە لە بەرامبەر شاری مامۆستایان کە دەکەوێتە گەڕەکی قڕگەی کۆن لە خۆرهەڵاتی سلێمانی، بریندار بوون.
باڵەخانەکە نزیکە لە نەخۆشخانەی شۆڕش، بۆیە گورج پێنج کرێکارە بریندارەکە گەیەندراونەتە ئەوێ، دیلان محەمەد پەیامنێری 964 کەمێک پێش ئێستا چووە نەخۆشخانەو لە حاڵی پێنج بریندارەکەی پرسی، بەگشتی باشن و برینەکەیان سوکە، خۆیشی قسەی لەگەڵ سیانیان کرد.
کرێکارێکیان چەند تەقەڵێک بە روخساریەوەیەتی و خۆی دەڵێت هیچ شوێنێکی نەشکاوە، بەڵام ئازاری هەیە، دەشڵێت ”بەهیچ جۆرێک ئیهمالی تیا نەکراوە… ئیرادەی خوا بوو”.
کرێکاری دووەم گەنجترەو توڕە دیارە، باسی دەکات کە هەر ئەوەندەی ئاگا لێبووە سەقفەکەی ژێریان تەقیوە، دەڵێت ”ئەمە رێک نەزانینی موهەندیس و مقاول و ساحەب ئیشە،کرێکار بە کۆیلە ئەزانن و تەواو، کرێکار لەلای چینی دەوڵەمەند کۆیلەیە، بە شەق ئیشی پێ ئەکرێ”.
هەرچی کرێکاری سێیەمە یەکەم رۆژی کارەکەی بووە کە ئەمەی لێ قەوماوە.
دەمەوە نیوەڕۆ کاتی داڕوخانی سەقفەکە پەیامنێری 964 چووە شوێنی رووداوەکە، لەوێ چالاک رەئوف سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکاران کوردستان پێی وت ”ئەگەر مەرجی سەلامەتی تیا بوایە ئەم بینا زەبەلاحە نا دەڕوخا”.
چالاک وتی ئەمساڵ ئەو کرێکارانەی لە کاتی کارکردن بریندار بوون ژمارەیان زۆرە، بەڵام نەیوت چەندن، 21 کرێکاریش لە سلێمانی، هەر لە کاتی کارکردن گیانیان لە دەستداوە.