لە کەیسى ونبوونى یاد سەرباز کۆڵنادەین
ریشسپیانى گوندى ئێندزێ و کۆیلێ:
وریا فەتاح
خزمان و ریشسپیانى هەردوو گوندى ئێندزە و کۆیلەى بنارى قەندیل، لەبارەى ونبوون و دیارنەمانى یاد سەرباز، روونکردنەوەیەکیان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن: کۆڵنادەین وبێدەنگ نابین لە کەیسی ونبوونی منداڵەکەمان.
چیرۆکى رووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ یەکەم رۆژى جەژنى قوربان (27.5.2026)، کاتێک منداڵێکى تەمەن سێ ساڵ بەناوى یاد سەرباز، بۆ جەژنانە دەچنە ماڵى باوکى دایکى واتا باپیرەى یاد، بەڵام لە پڕ منداڵەکە دیار نامێنێت و دواى دوو هەفتە لە گەڕان، 12.6.2026، تەرمەکەى بە شێواوى دۆزرایەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 20.6.2026، خزمان و ریشسپیانى هەردوو گوندى ئێندوى و کۆیلە، روونکردنەوەیەکیان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن:کۆڵنادەین وبێدەنگ نابین لە کەیسی ونبوونی منداڵەکەمان، لەهەمان کاتیشدا بەڵێنمانداوە هەرکەسێک بێت دەستی هەبێت لەو کەیسەدا دیسان رووبەڕووی یاسای دەکەینەوە”.
” بە هەموو کوردستان رادەگەیەنین، کە ئێمە چاوەڕێی پزیشکی دادی و دوایین ئەنجامی پشکنین و DNA دەکەین”، لە روونکردنەوەکەدا وا هاتووە.
هەرچەندە تائێستا کەیسەکە ناڕوونە و یەکلایى نەکراوەتەوە، بەڵام خاڵێکى منداڵەکە تۆمەتبارکراوە و لاى پۆلیس لەژیر لێکۆڵینەوەدایە.
رۆژێک دواى دۆزینەوەى تەرمەکە و لە 13.6.2026، بێستوون حەسەن کە خاڵێکى دیکەى یادە، بۆ 964 قسەى کردوو وتى،”ئێمە خێزانەکەمان لەوە تەندروستترە کە جگەرگۆشەیەکى خۆمان بەو دەردە ببەین، بەڵام هەر کەسێک دەستى لەو رووداوەدا هەبێت، ئەگەر نورى چاویشمان بێت، لێى خۆش نابین”.