کەس قوربانی ناکات.. وەنیە عاجی

ئەو پیاوەی وتی قوربانی زۆردەکرێ، سێ ساڵە وەفاتی کردووە

964+
ئەحمەد شەمزین

جەژنی قوربان نییە دیمەنەکە نوێ نەکرێتەوە، بووە بە یادەوەری لەلای خەڵک و هەر کە دەیبینن پێی پێدەکەنن، دوو مام حاجین و گفتوگۆیەک لەنێوانیان دروست دەبێت، لای خەڵک کۆن نابێ.

ساڵ ساڵی 2019 یە، هەر کە مام حاجییەکی شۆفێری گواستنەوەی ئاژەڵ لە یەکێک لە مەیدانی ئاژەڵانی سنووری پارێزگای هەولێر قسە بۆ کەناڵێک دەکات و دەڵێ، قوربانی زۆر دەکرێ ئەمساڵ، مام حاجییەکی دیکەی ئاژەڵدار، بەرپەرچی دەداتەوە، دەڵێ، وەڵا کەس قوربانی ناکات.

ئەویش پێی دەڵێ وەنیە عاجی، ئەم مام حاجییە ناوی خالید یونسە، ساڵی 1957 لە دایک ببوو، وا سێ ساڵە وەفاتی کردووە، پەیامنێری 964 بە مەیدانی بەدواداچوونی بۆ ژیانی ناوبراو کرد، لەگەڵ ئەوەی خێزانەکەی ئامادە نەبوون بۆ چاوپێکەوتنی ڤیدیۆیی، بەڵام ژمارەیەک زانیارییان پێ وتووین.

ئەم مام خالیدە، لە مەیدانی ئاژەڵانەکە کاری گواستنەوەی کردووە بە پیکئابەکەی، بە رەنج و زەحمەتی خۆی ئەرکی بەخێوکردنی دوو کوڕ و چوار کچی لە ئەستۆ بووە، زانراوە کە دەست کورت بووە، بەڵام بەو دۆخەشەوە تامەزرۆیی نانێکی حەڵال بووە بۆ منداڵەکانی.

عەبدوڵا خالیدی کوڕی کە ئێستا لە گوندێکی ناحیەی شەمامک-ی هەولێر نیشتەجێیە قسەی بۆ 964 کرد و وتی، هەرجارێک ئەو دیمەنە دەکەوێتە بەرچاومان لە جەژنی قوربان، برینمان دەکولێتەوە، ئەو داوای کرد ئەمجارە جگە لە پێکەنین، لەگەڵ سەیرکردنەکە فاتیحەیەک بۆ مام خالیدی باوکی بخوێنرێ.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا