چەند دارێکی باخی باران لە هەڵەبجە کە توێکڵەکەیان لێکراوەتەوە - وێنە: شارەوانی هەڵەبجە
شارەوانی نازانێت کێ وای کردووە
توێکڵی دارەکانی باخێکی هەڵەبجە لێکراونەوە
964+
پێشەوا محەمەد
توێکڵی دارەکانی باخێکی هەڵەبجە لێدەکرێنەوە و شارەوانیش دەڵێت ئەو کەسانە بدۆزنەوە ئەو کارەیان کردووە دەیاندەن بە دادگا.
باخەکە ناوی بارانە و کەوتووەتە گەڕەکی کیمیابارانی دووی شاری هەڵەبجە.
سەلام بیلال، سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە بە 964ـی وت، “نازانین کێ وای لەو دارانە کردووە بەڵام دوو باخەکە دوو پاسەوانی هەیە و قسەیان لەگەڵ دەکرێت و هەر کەسێکیش ئەو کارەی کردبێت دژ بە ئاوەدانییە و رووبەڕووی یاسایان دەکەینەوە”.
وتیشی، “ئەوە چەند جارێکە ئەو دیاردە ناشیرینانە لەناو باخەکانی هەڵەبجە دووبارە دەبنەوە و پێویستە هاوڵاتیان هۆشیارانەتر مامەڵە لەگەڵ ئەو شوێنە گشتییانە بکەن چونکە دواجار بۆ خزمەتی خۆیانە”.
شارەکە خاوەنی 45 باخچەیە و رێژەی سەوزایی تێیدا 12%ـەیە.