سەرپێچی هاتوچۆى کردووە

تاهۆیەکى ژمارە بەغدا: باى زیاتر لە 80 ملیۆن دینار لە کامێراکانى داوە

هەژان هادی

تاهۆیەکی ژمارە بەغدا بەهۆی ئەوەی شۆفێرەکەی مۆڵەتی لانەبووە، لە هەولێر دەستی بەسەردا گیرا و دواتر دەرکەوت  زیاتر لە 80 ملیۆن دینار سزای سەرپێچی یاساکانی هاتووچۆی لەسەر بووە.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر ڤیدیۆی ئۆتۆمبێلەکەی بڵاوکردەوە و وتی، ئۆتۆمبێلێکی ژمارە بەغدا لە شاری هەولێر دەستی بەسەردا گیراوە بەهۆی ئەوەی شۆفێرەکەی مۆڵەتی شۆفێری لانەبووە و دوی بەدواداچوون دەرکەوتووە ئۆتۆمبێلەکە، بڕی 80 ملیۆن و 235 هەزار دینار سزای سەرپێچی یاساکانی هاتووچۆی لەسەر بووە.

شۆفێر و خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە بۆ ئازادکردنی ئۆتۆمبێلەکەی، پارەی سزا داراییەکەی داوە و هاتوچۆی هەولێریش داشکاندنی بۆ کردووە و سزاکەیان بۆ 64 ملیۆن دینار بۆ کەمکردووەتەوە.

وەک هاتوچۆی هەولێر باسی لێوە دەکات، ئەو ئۆتۆمبێلە تیژڕۆ بووە و لە کامێراکانی هاتوچۆ سەرپێچییەکانی تۆمار کراوە.

ئەو بەڕێوەبەرایەتییە هاوڵاتیانی ئاگادارکردەوە، ئەگەر بە ئۆتۆمبێلی ژمارەی هەرێم یان بە ژمارەی پارێزگاکانی عێراقەوە تیژڕۆیی بکەن، لە کامێرای هاتوچۆوە دەردەکەون و وەک یەک سزا دەدرێن.