لە دهۆک مامەڵەکردن بۆ دەرهێنانی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی دەستپێدەکات

ساڵی داهاتوو کارکردن بە پاسپۆرتی ئاسایی دەوەستێت

964+

فەهمی نەبی

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پاسپۆرت لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق رایگەیاندووە، لە ئاداری ساڵی داهاتوو کارکردن بە پاسپۆرتی ئاسایی سیستمی کۆن دەوەستێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەمنزیکانە لە دهۆک مامەڵەی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی دەستپێدەکات.

لە ژمارەی ئەمڕۆی رۆژنامەی سەباح، کە رۆژنامەی فەرمی حکومەتی عێراقە، لەسەر زاری عەمید ماجید عەدنان بەڕێوەبەری گشتی پاسپۆرت رایگەیەندراوە، لە مانگی ئاداری 2024 کارکردن و دەرکردنی پاسپۆرت بە سیستمی کۆن بەتەواوی دەوەستێت و هەموو بەڕێوەبەرایەتیەکان کار بە دەرکردنی سیستمی ئەلیکترۆنی پاسپۆرت دەکەن.

بەڕێوەبەری گشتی پاسپۆرت ئەوەشی وتوە، پاسپۆرتی ئاسایی دوای وەستانی لەلایەن وڵاتانەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، تەنیا ئەوەیە لە عێراق دەرهێنان و مامەڵەکردن بەجۆری کۆن بەتەواوی دەوەستێت.

بەپێی وتەی عەمید ماجید عەدنان ئێستا مامەڵەی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی لە 22 بەڕێوەبەرایەتی ئەنجامدەدرێت، بەمنزیکانە لە پارێزگاکانی دهۆک، موسەنا، زیقار، دیالە و سەڵاحەدین راییکردنی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی دەستپێدەکات.

شەوى 6.3.2023، له‌به‌غدا به‌ شێوه‌یه‌كی فەرمی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی ناسێندرا و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش یەکەم کەس بوو کە پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی وەرگرتەوە.

پرۆسەی دەرهێنانی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی بە شێوەی ئۆنڵاین سەرەی بۆ دەگیرێت، لە ماوەی یەک رۆژدا دەردەچێت و تێچووەکەی 91 هەزار دینارە.

عێراق نوسینگەی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی لە تورکیا کردەوە

عێراق نوسینگەی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی لە تورکیا کردەوە