لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا
ئێران و عێراق باسی دۆسیەی ناوچەکە و دەستپێکردنەوەی دانوستان دەکەن
964+
پەری ساڵح
تاران پەیامی نوێ بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان دەگەیەنێتە عێراق؛ بەغداش دەستپێشخەرییەک رادەگەیەنێت
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە ئەنجامدا، لە پەیوەندییەکەدا عێراقچی روانگەی ئێرانی بۆ بەئامادەکاریی دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان خستەڕوو کە پێش هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولی ئەمریکا پێشنیاریان کردبوو، کە بریتییە لە دیاریکردنی کاتی دەستپێکردنی رێڕەوی دانوستاندن، بازدان بەسەر کۆسپەکان و کردنەوەی گەرووی هورمز، گەڕانەوە بۆ لێکگەیشتنەکانی پاکستان، لەگەڵ زیادکردنی چەند خاڵێک سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران.
لە بەرامبەردا، فوئاد حوسێن سوپاسی هاوتا ئێرانییەکەی کرد بۆ خستنەڕووی زانیارییەکان و ئاماژەی بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچەکە کرد،وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە ناوچەکە لە قۆناغێکی گرژیی روولەهەڵکشاندایە و ئەگەری نوێبوونەوەی کردارە سەربازییەکان هەیە، بۆیە گرتنەبەری هەنگاوی کرداری بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بە پێویست دەزانێت.
بۆ ئەم مەبەستە، وەزیری دەرەوەی عێراق دەستپێشخەرییەکی خستەڕوو بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک لە وەزیرانی دەرەوەی چەند وڵاتێکی ناوچەکە، تا سەردانی تاران و واشنتن بکەن بە مەبەستی گەیشتن بە لێکگەیشتنی ئاشتییانە، چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و بەهێزکردنی سەقامگیریی هەرێمایەتی.
لە کۆتایی پەیوەندییەکەدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەت وڵاتانی دراوسێ کردەوە، تا بەر بە تێکچوونی زیاتری بارودۆخەکە بگیرێت و ئاسایش جێگیر بێت.