ئەو دەروازانەی دۆلار وەردەگرن کامانەن؟
لەمەوبەدوا باجی گومرگی لە دەروازە سنوورییەکان تەنیا بە دینار وەردەگیرێت
964+
توانا نەقی
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا لەمەوبەدوا رەسم و باجی گومرگی لە دەروازە سنوورییەکان تەنیا بە دینار وەردەبگیرێت و دۆلار نابێت وەربگرن.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە نوسراوی ژمارە 227 گشتاندنێکی ئاراستەی سەرجەم دەروازە سنورییەکان کردووە کە دەبێت سەرجەم رسومات و باجە گومرگییەکان بە دینار وەربگیرێت، ئەو گشتاندنە لە 20ی ئەیلولی ئەمساڵ دەرچووە.
شاخەوان ئەبوبەکر بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ بە 964ـی وت، راستە گشتاندنەکە دەرچووە لەلایەن وەزارەتەوە، بەڵام پێش ئەوەش هەر بە دینار پارەمان وەرگرتووە لەسەرجەم خاڵە سنورییەکان جگە لە ئیبراهیم خەلیل کە دۆلاریش وەردەگرن.
وتیشی، لە بنەڕەتدا دیاریکردنی نرخ لایان دۆلارە، بەڵام سیستمەکەیان دینارە و بە هیچ شێوەیەک دۆلار قبوڵ ناکات لە بانک، واتە دەبێت هەر بە دینار وەریبگرن.
بە رێوەبەری گومرگی باشماخ نمونەی ئەوەی هێنایەوە بۆ سیستمەکە کە ئەگەر کەسێک 1000 دۆلاریشیان پێبدات، سیستمەکە یەک ملیۆن و 300 هەزار دەخوێنێتەوە و کەسەکە دەبێت بە دینار بیدات.