دیمەنی کۆنکرێت کردنی رێگای گوندی باوزێ.وێنە.سۆشیال میدیا
هەورازێکی سەخت بووە
رێگای گوندی باوزێ کۆنکرێت دەکرێت
964+
محەمەد عەلی – پشدەر
بەشێک لە رێگای گوندی باوزێ سەر بە ناحیەی ئیسێوە لە قەزای پشدەر کۆنکرێت دەکرێت.
رێگای گوندەکە پێنج کیلۆمەترە و تەنیا 300 مەتری رێگاکە کۆنکرێت کراوە، ئەو بەشەش هەورازێکی زۆر سەخت بووە و لە زستاناندا کێشەی بۆ هاتوچۆی دانیشتوانی گوندەکە دروست کردبوو.
تارق خدر بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی راپەڕین بە 964ـی وت، پڕۆژەی کۆنکرێت کردنی بەشێک لە رێگای گوندی باوزێی سەر بە ناحیەی ئیسێوە لە قەزای پشدەر لە جێبەجێکردندایە، دوای تێکەڵەرێژکردنی رێگاکە، بە رووی دانیشتوانی گوندەکە دەکرێتەوە.
وتیشی، پڕۆژەکە بە درێژی 305 مەتر و پانی شەش مەترە و لە لۆفەکاندا کراوە بە حەوت مەتر پانی، کۆنکرێتەکەش 20 سم بووە و تەبەقەی بی ئاڕ سی بەکارهاتووە، پڕۆژەکە لە 95%ـی تەواو بووە، تەنیا تێکەڵەرێژکردنی شانەکانی رێگاکە ماوە لە دەرخستەی بنەڕەتدانیە و گۆڕانکارییان بۆ کردووە و شانەکانیشی تێکەڵەرێژ دەکەن.
پرۆژەکە لەسەر بودجەی ئاسایی بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی راپەڕینەوە سەرپەرشتی دەکرێت بە گوژمەی 99 ملیۆن و 194 هەزار و 250 دینار جێبەجێ دەکرێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی