قوتابخانەکەیان کەڵکى نییە

دانیشتوان و مامۆستا و قوتابیەکانی پرۆژەی نیشتەجێبوونی لانە ستی لەکەلار گردبوونەوە

964+

میلاد جەلال- گەرمیان

“لە نیوەی دەرسدا مشک و مارمێلکە خۆیان دەکەنە ژوورەوە و دەبێتە قیژوقاژ”، ئەمە حاڵی قوتابیانی کابینەکانی پڕۆژەی لانە سیتییە لە کەلار، کە ئەمڕۆ دژی خراپیی قوتابخانەکەیان گردبوونەوە.

محەمەد ئەکرەم، باوکی قوتابییەکە بە 964ی وت، “قوتابخانەکە هیچ مەرجێکی تێدا نییە، بۆیە داوا دەکەین وەزیرى پەروەردە بێتە سەرخەت و حەلێکمان بکات”.

شەش ساڵە دەوام لەو کابینانەدا دەکرێت، بە وتەى شەرمین قادر، کە مامۆستای قوتابخانەکەیە، نە هاوین بەکەڵک دێت نە زستان، گەرما و تکەی ئاو تەنگی پێهەڵچنیوین، ئەوە جگە لەوەى جوگەیەکراوەى ئاوەڕۆى قورس هەیە کە بۆنەکەى دێتە ژوورە.

باران عومەر، قوتابیی پۆلی شەشە و لە پۆلی یەکەوە لەوێیە، بە 964ی وت، “زستانان باران کتێبەکانمان تەڕ دەکات، لە نیوەی دەرسیشدا مشک و مارمێلکە دێنە ژوورەوە، دەبێتە هەراو هوریایەک مامۆستا هەر وانەى لەبیر دەچێتەوە”.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح