هێرشەکانی ئەمڕۆ

ئاسایشی رۆژئاوا: تورکیا 21 شوێنی بەئامانج گرتین و 11 کەسی شەهید کردین


ئەحمەد مستەفا

بە گوێرەی ئاماری هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای کوردستان، پێنج هاوڵاتی و شەش ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، لەو هێرشانەی تورکیا بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامیداون گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی راگەیاندی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەبارەی هێرشەکانەوە ئەوەی ئاشکراکردووە، “هێرشەکان ژێرخایەنن و دامەزراوە گرنگەکانی کردووەتە ئامانج”.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5.10.2023، لە بڵاوکراوەیەکدا ئەوەشی وتووە، “هێرشە شەڕانگێزەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانمان بەردەوامە، لە ئاسمانەوە ژێرخانی دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان و سەرچاوەی بژێوی خەڵک بە ئامانج گیراوە”.

هێرشەکان:
ژمارەی ئەو شوێنانەی تورکیا بۆردومانی کردوون گەیشتە 21 شوێن، لەوانە 10 شوێنی ژێرخان، هەشت شوێنی نیشتەجێبوون، سێ شوێن کە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کراونەتە ئامانج.

زیانی گیانی:
11 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە پێنج مەدەنی و شەش ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بوون و 10 کەسیش بریندار بوون کە هەشت هاوڵاتی مەدەنی و دوو ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بوون.

ئەو شوێنانەی بە ئامانج گیراون:
ئەو شوێنانەی کە کرانە ئامانج بریتین، لە شاری (حەسەکە، قامیشلۆ، تەل تەمر، کۆبانی، شەهبا).