لە قامیشلۆ چاپ دەکرێت
“بەندەر فەیلی” بە زاراوەی کرمانجی بڵاو دەکرێتەوە
964+
پێشەوا محەمەد
رۆمانی “بەندەر فەیلی”ـی بەختیار عەلی کراوە بە شێوەزاری کرمانجی و گوێزەرەوەکەی دەڵێت، لە ئاییندەیەکی نزیکدا چاپ دەکرێت.
رۆمانەکە لە لایەن بەسام مستەفاوە کاری گواستنەوەکەی بۆ کراوە و هەردوو چاپخانەی نەقش و شلێر بە هاوکاری یەکتری لە شاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان چاپی دەکەن.
بەسام مستەفا، کە رۆمانەکەی بۆ سەر شێوەزاری کرمانجی گواستووەتەوە بە 964ـی راگەیاند، پێویستە بەرهەمەکانی بەختیار عەلی بچنە هەموو ماڵێکەوە و “لەبەر ئەوەی ئێمەی کوردیش هەموومان ناتوانین بە یەک زاراوە بخوێنینەوە ئەو کارەم کردووە”.
وتیشی، “کاری بە کرمانجی کردن و پێداچوونەوە و ئامادەکردنی رۆمانەکە ماوەی ساڵێکی پێچووە”.
بەسام مستەفا پێشتر هەریەکە لە رۆمانەکانی داگیرکردنی تاریکی، کۆشکی باڵندە غەمگینەکان، ئێوارەی پەروانە و جەمشید خانی مامم و چەند بەرهەمێکی تری ئەو نووسەرەی بە کرمانجی کردووە.
رۆمانەکە دواهەمین رۆمانی بەختیار عەلییە. بەندەر فەیلی لە ساڵی 1980دا لە یەکێک لە زیندانەکانی بەغداد لەدایک دەبێت. لەبەر چەند هۆیەکی نادیار و بە فەرمانی بەرپرسە باڵاکانی دەوڵەت، دەبێت منداڵەکە لە زیندان بمێنێتەوە و لەوێ گەورە ببێت. چیرۆکی ئەم کتێبە بەسەرهاتی ژیانی بەندەرە و وردبوونەوەیە لە رۆژ بە رۆژ گەورەبوونی، باسکردنی ئەو شتە بچوکانەیە کە هەنگاو بە هەنگاو و پلە بە پلە بەندەر بەسەر پەیژەی ژیانێکی سەختدا سەردەخەن.